Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

کەسێک لە نزیک کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە شاری مونشنی ئەڵمانیا تەقە دەکات و بە دەستی پۆلیس دەکوژرێت


پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت کەسێک لە نزیک کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە شاری مونشن (میونخ) لە باشور وڵات تەقەی کردووە و دواتر بە دەستی پۆلیسی شارەکە کوژراوە.

یوئاخیم هێرمان، وەزیری ناوخۆی هەرێمی باڤاریا ڕۆژی پێنجشەممە لە پاش ڕووداوەکە بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وت کەسەکە بە چەکەکەی چەند گولـلەیەکی تەقاندووە و پۆلیسەکانیش لێی هاتوونەتە دەست و تەقەیان لێکردووە و پاشان لە ئەنجامی برینەکانی گیانی لەدەستداوە.

وتیشی ڕووداوەکە لە نزیک شوێنی دیپلۆماسی ئیسرائیل و ناوەندی بەڵگەکاری تاوانی نازییەکان بووە و هەروەها لە 52 هەمین ساڵیادی هێرشە تێرۆرستییەکەی لە دژی تیمی یاریزانی ئیسرائیل کراوە کە لە میانەی ئۆلۆمپیادی ساڵی 1972 لە مونشن 11 یاریزانی ئیسرائیلی بە دەستی ژمارەیەک چەکداری فەلەستینی کوژران.

پۆلیسی هەرێمی باڤاریا ناوی کەسەکەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام ڕایگەیاند تەمەنی 18 ساڵ بووە و هاووڵاتینامەی نەمسای هەبووە و دانیشتوی نەمساش بووە و ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی پرۆپاگەندە بۆ داعش لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە.

پۆلیسی شاری مونشنیش لە پێگەکەی لەسەر ئێکس، نووسیویەتی هێرشبەرەکە بە ئۆتۆمبیلێک هاتووەتە شوێنەکە و دوای ڕاگرتنی ئۆتۆمبیلەکە بە تفەنگێکی کۆنی جۆری carbine کە قەمەی بەسەرەوە بووە تەقەکانی کردووە.

ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لە بارەی ڕووداوەکە لە پێگەکەی لەسەر ئێکس نووسیویەتی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ فرانک ڤالتەر شتاینمایەر هاوتا ئەڵمانییەکەی کردووە و پێکەوە هێرشە تێرۆرستییەکەیان سەرکۆنەکردووە . پاشان سوپاس دەزگا ئاسایشییەکانی ئەڵمانیای کرد کە زو هاتوونەتە دەست.

سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس وەرگیراون.

XS
SM
MD
LG