Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

جارێکی تر لە سلێمانی داوای ئازادکردنی زیندانیانی بادینان دەکرێت


ڕۆژی چوار شەممە ژمارەیەک لە پارێزەران، چالاکوانان و چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەردەم دادگای سلێمانی گرتبوونەوە و داوای ئازادکردنی زیندانیانی بادینان دەکەن، گرتبوونەوەکە لە کاتێکدایە بەشێک لە گیراوەکان، ماوەی سزاکانیان تەواو کردووە و دەبوو ئازاد بکرێن، بەڵام هێشتا لە زینداندان.

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت بەدەر لەوەی دەستگیرکردنی گیراوانی بادینان لە سەرەتاوە نا یاسایی بوو ئازاد نەبوونیشیان هەر نا یاساییە.

ڕێبوار ئەو ڕەحمان وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای گوت"کە ئەوان پشتگیری ئازاد بوونی گیراوانی بادینان دەکەن و لە ئاستی نێو دەوڵەتیش هەوڵی جدیان داوە بۆ ئەو مەبەستە.

ڕێبوار ئەو ڕەحمان وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
ڕێبوار ئەو ڕەحمان وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق


" ئێمە وەک پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق هاتووین پشتیوانی خۆمان دەرببڕین هەم بۆ ئەم گرتبوونەوەیە، هەم بۆ دەستگیرکراوانی بادینانیش، وە جارێکی تریش دووپاتی دەکەینەوە، کە ئەمە دەستگیرکردنێکی نا یاساییە، وە ناکرێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان لەسەر بابەتی بەم شێوەیە دەستگیر بکرێت و سزا بدرێت، وە لە ئاستی نێو دەوڵەتیش کاری جدیمان کردووە بۆ ئازادی گیراوانی بادینان، لە ئاستی پەرلەمانی عێراقیش پەرلەمان بکەوێتەوە کار ئێمە بە جدی کار لەسەر ئەم کەیسە دەکەین."

بەشێک لە پارێزەرانی سلێمانیش، دەڵێن هەر لەسەرەتاوە پێشێلکاری لە دۆسیەی گیراوانی بادیناندا هەیە و ئێستاش ئازاد نەبوونیان دوای سزاکانیان پێشێلکاریەکی ترە.

نەریمان ئەحمەد کە پارێزەرە دەڵێت : هۆکاری سەرەکی دەستگیرکردنی گیراوانی بادینان هەر لەسەرەتاوە دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی بیروباوەڕی سیاسی و دوای سزا دانیشیان دەبوو بەشێکیان کە ماوەی سزاکانیان تەواو کردووە ئازاد بکرانایە بەشەکەی تریشیان بە ئیفراد شەرتی دەتوانرا ئازاد بکرێن."

پارێزەر نەریمان ئەحمەد
پارێزەر نەریمان ئەحمەد

"دەستگیرکردنی ئەوان و هەموو ئەو تۆمەتانەی کە ڕووبەڕوویان کراوەتەوە تەنها هۆکار جیاوازی بیروباوەڕە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا، دەتوانین بڵێن شتێک کە جێگەی باس بێت بۆ دەستگیرکردنی ئەوان، بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو بۆ دەستگیرکردنی ئەوان شتێکی وا نیە، هەمووی شتی هەڵبەستراو و بەڵگەی زۆر بچوکن، بە نمونە تەحسین یاسین کە ماوەی دوو ساڵە لە زیندانە، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەندامی پارتێکی سیاسی جیاوازە، ئازاد نەبوونی زیندانیانی بادینان بڕیارێکی سیاسیە کە حزب لە سەرەوە داوێتی، ئەگەر نا ئیفراد شەرتی شمولی بەشێک لە ئەوان دەکات."

تاکور زەردەشتی کە چالاکوانێکی بادینانە و هاوڕێی دەستگیراوەکانە دەڵێت نیگەرانە لە بێدەنگی خەڵكی هەرێمی کوردستان و ئەگەر یاسا هەبوایە دەبوو زیندانیان ئازاد بکرێن کە ماوەی نزیکەی دوو مانگە دوای تەواو کردنی ماوەی سزاکانیان ئازاد نەکراون.

تاکور زەردەشتی
تاکور زەردەشتی


" ئێمە کۆمەڵێکین لێرە گرتبووینەتەوە بۆ ئەوەی پەیامی ویژدانی نوستووی کۆمەڵگا بگەیەنین، پەیامێکە کە ئەوە ماوەی بیست ڕۆژە کۆمەڵیک مرۆڤ کە ویژدانی هۆشیاری کۆمەڵگان، ڕۆژنامەوان و چالاکوانن لە مانگرتندان بۆ ماوەی بیست ڕۆژ زیاترە، لە مانگرتنێکی زۆر دژوار کە لە ڕەوشێکی زۆر خراپ و نالەباردان، وە تەندروستیان زۆر خراپە، بە داخەوە تا ئەم ئاستە بێدەنگی لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا هەیە، لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتداران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە یاسا سەروەرە، بۆ بێدەنگن لە دۆخی زیندانیان کە لە خراپترین دۆخدان."

حکومەتی هەرێم لە ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە زیندانیانی بادینان تاوانبارن بەپێی مادەی ژمارە (یەک) کە تایبەتە بە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی نیشتیمانی ، کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم دەڵێن ئەم کەسانە تاوانبارن بە تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی ، سەبارەت بە کەیسی ئازاد کردنیشیان دوای تەواو کردنی ماوەی سزاکانیان تا ئێستا هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نەداوە ڕێکخراوی سی پی تیش ئاماژە بەوە دەکەن کەیسەکانیان لە نێوان چاکسازی گەوران و دادوەری گشتی بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، لە ئێستاشدا ماوەی زیاتر لە بیست ڕۆژە بە هۆی ئازاد نەبونیانەوە لە زینداندا مانیان گرتووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:10 0:00
XS
SM
MD
LG