Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

خۆپیشاندانەکانی کەنەدا دژی ڕێوشوێنەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا


بارهەڵگرەکان لە ناوەڕاستی شاری ئۆتاوا، کەنەدا, 15 ی دووی ساڵی 2022
بارهەڵگرەکان لە ناوەڕاستی شاری ئۆتاوا، کەنەدا, 15 ی دووی ساڵی 2022

سەدان شۆفێری بارهەڵگرەکان لە ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا ماوەی سێ هەفتەیە دژی ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆپیشاندان دەکەن، ئەمەش سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆی ناچار کرد بۆ یەکەمین جار لە دوای زیاتر لە 50 ساڵەوە دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیر لە حاڵەتە کتوپڕەکاندا چالاک بکات.

سەرەتا شۆفێری بارهەڵگرەکان دەستیان کرد بە خۆپیشاندان، دواتر هەزاران هاوڵاتی و نزیکەی 400 ئوتومبێلی دیکە چوونە پاڵیان لە خۆپیشاندانەکاندا، لە 28 ی مانگی یەکدا خۆپیشاندەران ڕژانە سەر شەقامەکانی دەوروبەری پەرلەمان، ئەمەش لە دوای دەستبەکاربوونی ترودۆوە وەکو سەرۆک وەزیری کەنەدا لە ساڵی 2015 دا، یەکێکە لە خراپترین ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی بۆتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە پۆلیسی کەنەدا کۆمەڵێک کەسی دەستگیرکرد، لەوانەش کریس باربەر کە یەکێکە لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان. ئەوەش دوای ئەوەی بەرپرسانی وڵاتەکە وتیان دەبێت کارێک بکەن بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران.

سەرۆکی کاتی پۆلیسی ئۆتاوا ستیڤ بێڵ بە ڕۆیتەرزی وت " ئێمە بێگومان پابەندین بە کۆتایی هێنان بەم خۆپیشاندانە نایاساییەوە. پلانەکەمان هەیە و پابەندین و ئامڕازەکانیشمان لەبەردەستدایە. "

وتیشی پۆلیس 100 خاڵی پشکنین لە دەوروبەری ناوەڕاستی شاری ئۆتاوا دادەنێت، مەبەست لەمەش ئەوەیە ڕێگە نەدرێت هاوڵاتیان بەبێ هیچ هۆکارێکی باوەڕپێکراو بچنە ناوەوە.

وتیشی " کۆتایی ئەم هەفتەیە زۆر جیاواز دەبێت لە سێ هەفتەی ڕابردوو." سەرۆکی پێشووی پۆلیسی ئۆتاوا پیتەر سۆلی لەنێوەندی توڕەبوونی دانیشتوانی شارەکەدا دەستی لەکارەکەی کێشایەوە.

خۆپیشاندانی شۆفێری بارهەڵگرەکان دوای ئەوە هات بەرپرسانی کەنەدا بڕیاریاندا ئەو شۆفێرانەی کە سنوورەکان تێدەپەڕێنن بە ناچاری دەبێت ڤاکسین وەربگرن، ئەم ڕێوشوێنە لە ئەمەریکاش جێبەجێ کراوە. بەڵام ئەمە لە کەنەدا بووە هۆی دروستبوونی جوڵانەوەیەکی دژ بە حکومەت.

خۆپیشاندەران کۆمەڵێک خاڵی سنووریی نێوان کەنەدا و ئەمەریکایان گرت، یەکێک لەو خاڵە سنوورییانەش خاڵی سنووری ئەمباسەدۆر بریدجە بۆ ماوەی شەش ڕۆژە گیرا، ئەمەش بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە ئابووری کەنەدا و ئەمەریکاش.

ترودۆ گەمارۆکەی خۆپیشاندەرەکانی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر دیموکراسی ناودێرکرد، هاوکات ڕۆژی دووشەممە دەسەڵاتە بەپەلەکانی خۆی چالاک کرد و بەشێوەیەکی کاتی دەسەڵاتی دایە حکومەتەکەی تاوەکو کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن. بەرپرسانی حکومەتیش وتیان نیگەرانن سەبارەت بەو توندڕەوانەی کە بوونەتە هۆی کەوتنەوەی توندوتیژی.

زۆرێک لە خۆپیشاندەران وتیان چۆڵی ناکەن تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت.

خۆپیشاندەرێک وتی " کۆتایی بە ناچارکردنی وەرگرتنی ڤاکسین بهێنن، مافەکانمان بدەنێ و ئەمە تەواو دەبێت، دەگەڕێینەوە بۆ ناو خێزانەکانمان."

گەمارۆدانی سنوورەکە فشارەکانی سەر ترودۆی زیاتر کرد و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بەخێرایی بجوڵێت، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن داوای لێکرد دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکانی بەکاربهێنێت.

ترودۆ بە یاسادانەرانی وڵاتەکەی وت " گەمارۆ نایاساییەکان و داگیرکردنەکان دەبێت بوەستێندرێن و سنوورەکان دەبێت بەکراوەیی بمێننەوە. ئەمە لەکاتێکدا بوو پەرلەمانی وڵاتەکە تاوتوێی چالاککردنی بەندی بارودۆخە کتوپڕەکانی دەکرد، کە دەبێت حەوت ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنەکەی پەسەند بکرێت.

بەڵام بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە وتیان پێویست ناکات ئەو بەندەی دەستووری وڵاتەکە چالاک بکرێت، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە گەمارۆکانی سەر سنوورەکان تەواو بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG