Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

ڕووسیا بۆردومانی ئامانجەکانی ناو دۆنێتسک و خارکیڤ دەکات


سوپای ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەدا ڕووسیا بۆردومانێکی چڕی دەستپێکردووە کە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم سێ هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی 20 کەسی دیکە.

لە ڕۆژی یەکشەممەوە هێزەکانی ڕووسیا بۆردومانی گوند و شارۆچکەکانی هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەکەن و لە کۆمەڵێک بینای نیشتەجێبوونیشییان داوە، بەهۆی هێرشەکانەوە سێ کەس لە هەرێمەکە کوژران و 13 کەسی دیکە برینداربوون.

لە خارکیڤی دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیاش حەوت کەسی دیکە برینداربوون، ڕووسیا لەوێش بۆردومانی بیناکانی نیشتەجێبوون و ناوچەیەکی نزیک شوێنی وەستانی پاسی کردووە.

ئەو هەواڵە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی دامەزراوەیەکی سەربازی لە خارکیڤ کردۆتە ئامانج و لانیکەم 100 کەسی کوشتووە و 50 کەسی دیکەشی بریندارکردووە و سەرجەم کوژراو و بریندارەکان " بەکرێگیراو " بوون و خەڵکی ئەڵمانیا و پۆڵەندان.

هاوکات سوپای ئۆکرانیا گوتی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 10 کۆگای چەک و کەلوپەلی سەربازیی ڕووسیای لەناوبردووە.

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ستایشی شەڕکردنی هێزەکانی ڕووسیای کرد لە ئۆکرانیا، وتی هێزەکانی ڕووسیا " سەرجەم ئەو ئەرکانە جێبەجێ دەکەن کە پێیان ڕاسپێردراوە و هەنگاو بە هەنگاو دۆنباس ئازاد دەکەن."

هەرێمی دۆنباس دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە و هەریەک لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک لەخۆدەگرێت.

هاوکات گرژییەکان لە دەوروبەری وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا بەردەوام بوو، لەکاتێکدا ڕووسیا و ئۆکرانیا دووبارە یەکترییان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی تەقەکردن لەنزیک وێستگەکەوە. ڕووسیا لە مانگی سێدا وێستگەکەی کۆنتڕۆڵ کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا کارمەندە ئۆکرانییەکان بەڕێوەی دەبەن.

وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ بە دەنگی ئەمەریکای لە ئۆکرانیا گوت " هیچ مانایەکی نیە بۆ ئێمە بۆردومانی وێستگەکە بکەین، چونکە ئەمڕۆ ئێمە لە ئاستی مەترسیی ئەتۆم بۆ سەر مرۆڤایەتی تێدەگەین. ڕزگارمان بوو لە کارەساتەکەی چێرنۆبیڵ لە ساڵی 1986 دا. ئەوە ئۆکرانییەکانن کە دەزانن کارەساتی چێرنۆبیڵ چی بووە و دوای تیشکدانەوەکەش چەند کەس مردن."

گوتیشی " لەبەر ئەوەیە داوا لە هەمووان دەکەین دەستێوەردان بکەن، نەک تەنها لە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بەڵکو داوا لە سەرانسەری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دەستێوەردان بکەن و ڕێگە نەدەن ببنە هۆکارێک بۆ کەوتنەوەی کارەساتێکی ئەتۆمی دیکە لە ئەوروپادا."

ڕێزنیکۆڤ گوتیشی " ئێمە بڕوامان وایە یەکە سەربازییەکانی ڕووسیا نابێت لەوێ بن و ئەوەی ئێستا ڕوودەدات کارێکی وروژاندنە و جۆرە یارییەکە بۆ تاقیکردنەوەی دەماری ئەتۆمی سەرانسەری جیهان."

سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی گوتی " مەترسییەکی ڕاستەقینەی کارەساتی ئەتۆمی " هەیە ئەگەر شەڕەکە نەوەستێت و ڕێگە نەدرێت پشکنەرە نێودەوڵەتیەکان بچنە ناو وێستگەکەوە.

XS
SM
MD
LG