Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

سەرۆک بایدن: تێرۆرستان لە هەر کوێـیەکی جیهاندا خۆیان حەشاربدەن دەستمان پێیان دەگات


سەرۆک بایدن هێزەکانی ئەمەریکا توانیان هەڕەشەیەکی تێرۆرستی گەورە بۆ سەر جیهان لەناوببەن کە دەستی هەبووە لە کوشتنی خەڵکێکی زۆری بێتاوان.

سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارەکەی ئەمڕۆ پـێنجشەممەی سەبارەت بە کوژرانی ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقوڕەیشی ڕێبەری داعش لە ناوچەیەکی باکوری ڕۆژئاوای سوریا لە نزیک سنووری تورکیا، وتی ئەم گەورە تێرۆرستە کە بە حەجی عەبدوڵـڵا ناودێرکرابوو، لەوەتای کوژرانی ئەبو بەکر ئەلبەغدادیـیەوە ڕێبەرایەتی داعشی کردووە و بە کردەوەی تێرۆرستی ئەمەریکایـیەکان و هاوپەیمانانی و هاوبەشەکانی و خەڵکێکی بێشوماری سڤیلی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکا و باشوری ئاسیا کرتووەتە ئامانج.

سەرۆک بایدن گوتیشی ئیبراهیم ئەلهاشمی بەرپرسیش بووە لەو هێرشەی لەم دوایـیە کرایە سەر زیندانەکەی شاری حەسەکە، بەڵام"هاوبەشە قارەمانەکانمان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە خێرایی بەرپەرچی هێرشەکەیان دایەوە."

گوتیشی ئەم تێرۆرستە" لە پشت ئەو جینۆسایدە بوو کە لە دژی ئێزیدیـیەکان لە ساڵی 2014 ئەنجام درا. هەروەها گوتی "هەموو ئەو بەسەرهاتە ئازاربەخشانەمان لە بیرە لە کۆمەڵکوژی و وێرانکردنی گوندەکان و فرۆشتنی ژنان وەک کۆیلە و بەکارهێنانی دەستدرێژی سێکسی وەک چەکێکی شەڕ."

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد فەرمانی بە وەزارەتی بەرگری کردبوو هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیانی گیانی لە نێو خەڵکی سڤیلدا.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ڕێبەرەکەی داعش چواردەوەری خۆی بە خێزان گرتبوو کە منداڵیشیان لە نێودابوو. گوتی "بۆیە بڕیاردرا ژیانی سەربازانمان بخەینە بەر مەترسیـیەوە و بە هێزی تایبەت بۆی بڕۆن لە بری ئەوەی بە هێرشێکی ئاسمانی بیکەنە ئامانج، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک هێزەکان نزیکبوونەوە لەوەی تێرۆرستەکان دەستگیربکەن، ئەم گەورە تێرۆرستە ئەنجامدانی تەقینەوەی هەڵبژارد بەبێ گوێدانە بە ژیانی خێزانەکەی و ئەوانی دیکەی ناو بیناکە، هەر وەک بەغدادی کە لەگەڵ خۆی ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی بەرەو مەرگ برد.

سەرۆک بایدن سوپاسی هێزەکەی ئەمەریکای کرد کە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنجامدابوو و گوتی بە ئەوپەڕی ئازایەتی و لێهاتوویـیەوە کارەکەیان کرد. گوتیشی ئەندامانی لەشکری ئەمەریکا بڕبڕەی پشتی خەڵکی وڵاتەکەن و ئامادەن لە هەموو ساتێکدا بڕۆن و خۆیان بخەنە بەر مەترسیـیەوە لە پێناو سەلامەتی خەڵکی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی. هەروەها سوپاسی کەسوکاری سەربازانی ئەمەریکایی کرد.

سەرۆک بایدن گوتیشی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات پاڵپشتی کراون و ئاماژەی بۆ دەزگاکانی هەواڵگری و وەزارەتی بەرگری و ئەندامانی ئاسایشی نیشتمانی و هەموو دەزگاکانی دیکەی حکومەت کرد. هەروەها گوتی "بەبێ وچان و بە وردی بۆ چەند مانگێکە کاریان کردووە بۆ سەرخستنی ئەرکەکە."

گوتیشی ئەم ئۆپەراسیۆنە گەواهیـیە لەسەر ئاست و تواناکانی ئەمەریکا لە دژی هەڕەشە تێرۆرستیـیەکان، ئیدی لە هەر شوێنێکی جیهادان تێرۆستان خۆیان حەشاربدەن دەستمان پێـیان دەگات. جەختی کردەوە کە سوورە لەسەر پاراستنی خەڵکی ئەمەریکا لە هەڕەشە تێرۆرستیـیەکان وە بڕیاری یەکلاییکەرەوە دەدات بۆ پاراستنی وڵاتەکە.

سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆتایی وتارەکەی دووپاتیکردەوە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانە نزیکەکانی و هاوبەشەکانی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزە عێراقیـیەکان، بە هێزەکانی پێشمەرگەشەوە، وە زیاتر لە 80 وڵاتی ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ئامانجی هێشتنەوەی فشارەکان لەسەر داعش.

XS
SM
MD
LG