Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

بەرپرسێک بۆ دەنگی ئەمەریکا: جێگەی تێڕامانە کە دووهەم ڕێبەری داعش لە نزیک تورکیا دۆزرایەوە


بەرپرسی کۆمسیۆنی ئەمەریکا بۆ ئازادی ئاینی نێودەوڵەتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند کە جێگەی پرسیارە بۆ دووهەم جار هێزەکانی ئەمەریکا سەرکردەی ڕێکخراوی داعش بە ئامانج دەگرن لەو ناوچانەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر دەستەڵاتی تورکیادان.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقوڕەیشی ڕێبەری داعش لە ئۆپەراسیۆنێکی دژەتیرۆری هێزە تایبەتیەکانی ئەمەریکا لە پارێزگای ئەدلیب لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کوژراوە. سەرکردەکەی داعش لە ماڵێکدا لە شارۆچکەی ئەتمە لەسەر سنووری پارێزگای هەتای تورکیا خۆی حەشاردابوو.

پێشتریش ڕێبەری یەکەمی داعش ئەبوبەکر بەغدادی لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی ئەمەریکا لە ڕێکەوتی 27ی 10ی 2019 لە گوندێکی بچوکی سەرسنوری تورکیا بە ناوی باریشە لە ئدلیب دۆزرایەوە, وە پاش ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکەی ئەمەریکا لەڕێگەی تەقینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

نەیدین مایێنزا، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەمەریکا بۆ ئازادی ئاینی نێودەوڵەتی، لە وتووێژێکیدا لەگەڵ دەخیلی شەمۆ ڕایگەیاند، "پێموایە گرنگە تێبینی ئەوە بکەین کە ئەمە دووهەم سەرکردەی داعشە تا ئێستا ئێمە دۆزیومانەتەوە لەو ناوچانەی سوریا کە لەژێر دەستەڵاتی تورکیادان. تورکیا ئدلبی کۆنترۆڵ کردووە و سێ ناوچەی تری لە باکووری رۆژئاوای سوریا داگیرکردووە کە پێشتر ئازادی ئاینی یان تێدا بەرقەرار بوو. ئەو ناوچانە لە ئێستادا بونەتە شوێنی ئارام بۆ توندڕەوە ئیسلامیەکان و ئەندامانی داعش. ئەمە دووهەم جارە دەبینین ئەمەریکا دەچێتە ئەو ناوچانە بۆ لەناوبردنی سەرکردەیەکی داعش، وە ئەمەش زۆر شتمان پێدەڵێت لەسەر بارودۆخی ئەو ناوچانە."

کۆمسیۆنی ئەمەریکا بۆ ئازادی ئاینی نێودەوڵەتی کۆمسیۆنێکی حکومی ئەمەریکایە و لە ساڵی 1988 دامەزراوە. کاری کۆمسیۆنەکە بریتییە لە چاودێریکردنی ڕەوشی ئازادی ئاینی لە ناوچەکانی جیهان دا و ساڵانە ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بە حکومەتی ئەمەریکا دەکات.

سەرۆکی کۆمسیۆنەکە، نەیدین مایێنزا، مانگی ڕابردوو سەردانی ناوچە کوردیەکانی کرد لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی ئازادی ئاینی لەژێر سایەی خۆبەڕێوبەری ئەو هەرێمە و بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی ئاینی کە بۆ شوێنکەوتوانی 13 ئاینی جیاواز لە هەرێمەکە ڕێکخرابوو.

نەیدین مایێنزا ستایشی ئازادی ئاینی کرد لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا و جەختی کردەوە کە ئەمەریکا دەبێت پاڵپشتی لە ئەزمونەکە بکات بۆ سەرخستینی شەڕی دژ بە توندوتیژی ئاینی.

وەک ئاماژەیەک بۆ لێدوانەکانی پێشووی سەرکردەکانی ئەمەریکا کە ڕایانگەیاندبوو شەڕی ئەوان لە سوریا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داعشە، نەیدین مایێنزا ڕایگەیاند، "ئێمە پێویستە شەڕ بۆ شتێک بکەین ناکرێت تەنیا هەر شەڕ دژی شتێک بکەین."

بەرپرسە ئەمەریکیەکە جەختی کردەوە کە پاڵپشتیکردن و بە فەرمی ناساندنی خۆبەڕێوبەری باکووری ڕۆژئاوای سوریا دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکەدا، بە تایبەتی کە ئەزمونەکە هەوڵی داوە کە ڕۆڵی ژن لە بەڕێوبردن چالاکبکات. ئاماژەی بەوەش دا، "خەڵکانێکی زیاتر لە ئەمەریکا، واشنتن و کۆنگرێس خەریکە دەبینن خەڵکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا چییان بەرهەم هێناوە و چەندە کارێکی نمونەییە."

XS
SM
MD
LG