Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

هەلەو واشنتن: چۆنیەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان مشتومڕی لێدەکەوێتەوە


دوای دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە کە بڕیارە لە مانگی 10 ی 2022 بەڕێوە بچێت. مشتومڕ و ناکۆکی کەوتووەتە نێوان لایەنە سیاسیەکانەوە، لەمەڕ یاسای هەڵبژاردن و چۆنێتی هەڵبژاردنەکە. ناکۆکیەکانیش لە نێوان دوو بۆچووندایە، ئایا وەک ڕابردوو بەیەک بازنەیی هەڵبژاردنەکە بڕوات بەڕێوە، یاخود بکرێتە فرە بازنەیی.

بۆ تاوتوێکردنی ئەو مژارە سیاسیە گەرمە، لە بەرنامەی هەلەو واشنتن میوانداری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی زیاد جەبار، هەروەها ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکرات هێڤیدار ئەحمەد دەکەین. وەک سروشتی بەرنامەکە دوو میوانەکە پێکەوە وتوێژ دەکەن، بەلام بەهۆی هەندێک هۆکار هەر لایەو بەجودا وتوێژیان لەگەڵدا کراوە.

ئێستا ئەو لایەنانەی کە پرۆژەیەکیان پێکەوە پێشکەش بە پەرلەمان کردووە و داوا دەکەن کە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان بکرێتە فرە بازنەیی و کوردستان بکرێتە 4 بازنەی هەڵبژاردن. یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتوو، نەوەی نوێ و هەندێک لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی لە خۆ گرتووە. لای بەرامبەریش کە پارتی دیموکرات و پێکهاتەکان و حیزبی سۆشیالیست و زەحمەت کێشان و بزوتنەوەی لە خۆ گرتووە. دەخوازن هەڵبژاردن وەک خولەکانی ڕابردوو بەڕێوە بچێت کە کوردستان یەک بازنەی هەڵبژاردن بووە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی هەڵبژاردنەکە بکرێتە فرە بازنەیی، سەرۆکی فرکسیۆنی یەکێتی زیاد جەبار دەڵێت "ئەو یاسایەی هەڵبژاردنی پێوە بەڕێوە دەچێت، دەگەڕێتەوە بۆ 30 ساڵ لەمەوبەر، کەموکورتی زۆری تێدایە، لەبەر ئەوە هاوتا لەگەڵ کۆمەڵێک فراکسیۆنی دی لە ناو پەرلەمان لەگەڵ گۆڕینی یاساکەداین و کوردستان بکرێتە 4 بزنەی هەڵبژاردن، لەمەشدا تەنها پارتی دیموکرات لەگەڵ ئەوەدا نین کە ئەم هەموارە بکرێتەوە."

زیاد جه‌بار
زیاد جه‌بار

ئەم بەرپرسە باس لەوەش دەکات پرۆژەکەیان تەنها باس لە شێوەی هەڵبژاردنەکە ناکات، بەڵکو کۆمەڵی ڕێ و چارەسەری دیکەش خراونەتە ڕوو، " بەنموونە، تۆماری دەنگدان کە ئێستا کاری پێ دەکرێت پێویستە نوێ بکرێتەوە کە ئەوانەش وەفاتیان کردووە، یان هەندێک خەڵکی تێدا تۆمار کراوە کە بۆیان نییە دەنگ بدەن، دەبێت تۆمارە پاک بکرێتەوە، تاوەکو هەڵبژاردنێکی پاکو بێ گەرد بێت، دوور لە ساختەکاری، مەسەلەی پێکهاتەکانیش دەمانەوێ لەهەر کوێ پێکهاتە هەیە بیگرێتەوە، یان پێویستە پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن، نەوەکو حزبێک نوێنەریان بۆ دابنێت، دەخوازین ئەوەی هەڵدەبژێردرێت نوێنەری راستەقینەی پێکهاتەکان بن، نەوەکو نوێنەری حزبێکی دیاری کراو."

لە بارەی ئەو بۆچوونانە و ڕای پارتی دیموکرات کە زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمانی بەدەستەوەیە، هێڤیدار پێی وایە ئەو پرۆژەیەی داویانە بە پەرلەمان، لایەنێکی سەرەکی وەک پارتی کە زۆرینەن، پرۆژەکەیان نەبینیوە. هەروەها ئەوانەشی کە پرۆژەکەیان واژۆ کردووە، تەنها 39 پەرلەمانتارە، نەوەکو هەموو فراکسیۆنەکان. پێشی وایە دواجار هەر دەبێت سازان لەسەر ئەو مەسەلەیە بکرێت. لەو بارەیەوە هێڤیدار دەڵێت "پێویستە ئەو تەبایی و هاوپەیمانیەی لە کوردستان لە لایەن لایەنە جیاوازەکانەوە هەیە، پێویستە دەستی پێوە بگرین، ئەوە لە عێراق نەماوە، یان لە سوریا زۆر خراپەو لە ئێرانیش، ئەو سازان و پێکەوە ژیانەی لە هەرێمەکەیە زەرورەتە دەستی پێوە بگرین.

هێڤیدار ئه‌حمه‌د
هێڤیدار ئه‌حمه‌د

دەربارەی پرۆژەکەی یەکێتی، من لەوە ناگەم یەکێتی پرۆژەی پێشکەش کردووە، وەک ئەوەی عێڕاقە، کاندیدی سەرۆکایەتیان هەیەو نەیانوێرا بچنە دانیشتنەکەوە، ئەمەش هەروایە پرۆژەیان پێشکەش کردووە، ئامادەش نین بێنە دانیشتنی پەرلەمانەوە. پاشان تۆ داوای سازان دەکەیت، پرۆژەیەک پێشکەش کراوە، پارتی دیموکرات هەر نەیبینیوە، حزبێکی گەورەی وەک پارتی و خاوەنی زۆرینەی پەرلەمان، هاوپەیمان لە حکومەتێکدا و لە چەندین کابینەی حکومەت لە رابردوودا. ئێستا دەردەکەوێت، کێ سازانی تێکداوە."

هێڤیدار پێیوایە پارتی گرفتی لە هەموارکردنەوە یاسای هەڵبژاردندا نییە. بەڵام ئەو باس لە گرفتێکی تر دەکات وەک دەڵێت "گرفتمان ئەوەیە کە ئەمجارە یاسایەک بە بەری حزبێک لە سلێمانی بدوردرێت، تاوەکو بەرژەوەندی ئەو بپارێزرێت، با هەموو کوردستان زەرەر بکات. پارتیش لە ئەلف و بێی سیاسەت دەگات، تاوەکو تۆ نەتوانی فێڵی لێ بکەیت.

پێش ئەم پرۆژەیەیان شتی تر هەبوو دەبوو بیکەن، تێگەیشتن و سازانی لەسەر بکەن، بە تایبەتی لەگەڵ لایەنێکی سەرەکی وەکو پارتی، مەعقولە تۆ یاسایەک پێشکەش بکەیت کە لە پەرلەمان پێویستی بە دەنگدان هەیە، زۆرینەش لە دەستی پارتیدایە، بەڵام بەر لە پێشکەشکردنی پرۆژەکە پارتی نەیبینیبێت و رای ئەوی لەسەر وەر نەگیرابێت."

هەندێک لە بەرپرسانی پارتی وەها لێدوان دەدەن کە یەکێتی لە ترسی کەم بوونەوەی دەنگەکانی ئەم پرۆژە یاسایەی پێشکەش کردووە، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا زیاد جەبار دەڵێت "باشە گۆڕان ونەوەی نوێ و یەکگرتوو کۆمەڵ و سەربەخۆکان، ئەمانە لەچی بترسن، وەک یەکێتی لەوە دەترسین کە هەرێمی کوردستان بەرەو ئاقارێکی خراپ بڕوات، لە هیچ شوێنێکی دنیا مەعقوڵ نیە بە یاسایەکی هەڵبژاردن کار بکەیت کە 30 ساڵ لەومەوبەر دانراوە."

سازان و ڕێکەوتنی سیاسی بەردەوام لە هەرێمی کوردستان لە لایەن پارتی و یەکێتی بە تایبەتی کە خاوەنی دوو زۆنی دەسەڵاتن، بەپێی مێژووی سیاسی ناوچەکەشەوە هیچ لایەکیان بێ ئەوی تر ناتوانێت کۆی هەرێمەکە بەڕێوە ببات، رەنگە سازان تاکە دەریچە بێت، وەک هەردوو متوانەکەش کە بەجیا وتوێژیان لەگەڵ کرابوو، هەمان ڕایان هەبوو.

هێڤیدار ئەحمەد ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنی پارتی دەڵێت "ئەم دەنگەی من تۆمارکە هەر دەبێت سازان بکەن، ئەو پرۆژە یاسایە هەردەبێت بەڕێکەوتن و سازاندن ببێتە یاسا و لەسەریشی ڕێکدەکەون، هێشتا دەرگاکان دانەخراون."

سەبارەت بە سازاندن و رێکەوتن لە سەر ئەو ڕا جیاوازانە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی زیاد جەبار دەڵێت "لە ڕووی ژمارەی کورسیەوە لە پەرلەمان ڕاستە پارتی زیاترە، بەڵام ئەو هێزانەی واژۆی ئەو پرۆژەیەیان کردووە، 90 هەزار دەنگیان لە پارتی و پێکهاتەکان زیاترە، بەڵام دەرگای گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن کراوەیە و پێویستە بە کۆمەڵ بڕیار لەسەر ئەو پرۆژەیە بدەین. پارتی دەیەوێت وەک هەموو شتێکی تر، ئەمەشی بە تاک ڕەویانە بۆ بچێتە سەر. پارتی سازانی دەوێ بە بۆچوون و ڕوئیای خۆی و ئێمەش دوای بکەوین، کاتێک باسی سازان دەکرێت دەبێت بەرنەواندن هەبێت، خۆ ئەو پرۆژەیەش هەموو خاڵەکانی بەدڵی ئێمەش نییە، بەڵام پرۆژەیەکە زۆربەی فراکسیۆنەکانی لە خۆی کۆکردووەتەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:07 0:00

XS
SM
MD
LG