Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

عەلی حەمە ساڵح: قاچاخچێتی سەر سنور لە لوتکەی دەسەڵاتەوە دەکرێت


دۆخی هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە بونبەست گەیشتووە. سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ سلێمانی و دوا بە دوای ئەویش کۆبوونەوەی داخراوی لایەنە سیاسیەکان لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێڕاق جنین پلاسخارت. ئایا ئەو بونبەست بوون و ناکۆکیانە بە کوێ دەگەیەنێت؟ ئایا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا دەکرێت.

جگە لەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووە، بەردەوام حکومەتی عێراقیش هەڕەشەکانی بۆ سەر هەرێمەکە چڕتر کردووەتەوە لە ڕێگەی بە کارهێنانی یاسای دادگای فیدڕاڵ کە دەرهەق بە پرۆسەی نەوت و غازی هەرێم دەری کردووە.

لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی هەلەو واشنتن میوانداری بەڕێز عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستانی کردووە کە ئەندامی لیژنەی نەوت و غازە لە پەرلەمانی کوردستان. سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و یاسای هەموارکردنەوەی هەڵبژاردن و وتوێژی لایەنەکان، لە لای ئەو پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مساڵدا بەڕێوە دەچێت؟ پێشی وایە، بە پلان یەکێتی و پارتی نایانەوێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، ئەگەر مەبەستیان هەبوایە دەبوو ساڵێک لەمەو بەر ئەم وتوێژانەیان بکردایە نەوەکو ئێستا، لەو بارەیەوە دەڵێت "نەخێر هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوە ناچێت، ئەوەش ڕێکەوتنی لە بارەوە کراوە، بەڵام ڕێکەوتنەکە ئاشکرا نەبووە، لەسەر ئەوەش ڕێکەوتوون، ئەو پێشنیارە یاساییانەی کراوە کە پەیوەستن بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بە ڕێکەوتن بێت لە نێوانیاندا کە جیاوازی زۆریان لەسەرە.

بە نموونە کردنی کوردستان بە 4 بازنەی هەڵبژاردن، هەروەها کۆتاکان دابەش بکرێن نەوەکو کۆتاکان ببنە نمایندەی پارتێکی دیاری کراو، بەڵکو نمایندەی خۆیان بن. جگە لە پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران کە بە دەیان هەزار ناوی مردوو، ساختەی تێدایە.

هەروەها هەڵبژارنەوەی کۆمسیۆنێکی هەڵبژاردنی نوێ کە 2 ساڵە وادەکەی بەسەر چووە، لە باشترین حاڵدا لە 6 بۆ 9 مانگی پێ دەچێت، کەوابوو لە مساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمان ناکرێت."
دوا هەوڵی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق داوای کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد لەگەڵ نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان. جنین پلاسخارت، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەنوسێت "یونامی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی بانگهێشت کردووە بۆ کۆبوونەوەیەکی داخراو."

خانم پلاسخارت دەشنوسێت لە کاتێکدا بڕیارە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕۆژی یەکی مانگی 10ی ئەمساڵ بکرێت، ئەوا کاتی خۆیەتی ڕاستەوخۆ ئاڵوگۆڕی بیرەڕاکان بکرێن.

ئەم داوایەی یونامی دوابەدوای کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بووە لەگەڵ ژمارەیەک لایەنی سیاسی هەرێمدا، وەک دەگوترێت بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕووبەری کەلێنی جیاوازی و ناکۆکییە سیاسییەکانە لە هەرێمدا تا کورد بە یەکڕیزییەوە لە بەغدا ئامادەیی هەبێت. لە بارەی کۆبوونەوەکەی پلاسخات و لایەنە سیاسیەکان عەلی حەمە ساڵح دەڵێت "ئەو کۆبوونەوەیە هیچ کاریگەریەکی نابێت، ئەوە تەنها چالاکیەکە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەریکا یان بەریتانیا و ئێران وتورکیا کاریگەریان دەبێت، لە ڕابردوودا، لە ڕووداوە یەک لە دوایەکەکانی هەرێمی کوردستان.

نەتەوەیەکگرتووەکان هیچ هەڵوێستێکی نەبووە، لە کاتی داخستنی پەرلەمان، یان واڵابوونی چەندین دۆسێی گەندەڵی، لە هەرێمەکە، کاریگەری و قسەیان نەبووە. ئەم کۆبوونەوەیە وەکو چالاکیەکی خۆیان باشە."

هەرچی بەرپرسی پارتی، یەکێتی و لایەنەکانی تریشە، بە سانایی لە میدیاکانەوە باسی نادادی و گەندەڵی و گیروگرفتەکانی هەرێمەکە دەکەن. وەک ئەم پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ دەکات تاوەکو ئێستا نەیان بینیوە بەرپرسێکی سیاسی بە گەندەڵی دادگایی بکرێت. ئایا پارتی ویەکێتی کە زۆرترین جومگەکانی هەرێمەکەیان بەدەستەوەیە نازانن گیروگرفتەکان لە کوێدان، تا پێویستیان بە نێوەندگیری هەبێت. لەو بارەیەوە عەلی دەڵێت" سەرۆکی هەرێم خۆی دەڵێت، یەکێتی و پارتی دەست تێوەردان دەکەن لە دادگاکان لە هێزە چەکداریەکاندا.

ئەزانی ئەو دوو حیزبە بەوانەوە ماونەتەوە، بە هێزی چەکدار و هێزی یاسا وەکو دادگاکان و ئابووری. ئەگەر ئەوانەیان نەمێنێت هەر نامێنن. لە دواهەمین هەڵبژاردن لە %23 ی خەڵک دەنگی پێ داون."
ئەم ئەندام پەرلەمانە سەرۆکی لیژنەی نەوت و غازە لە پەرلەمانی کوردستان، شارەزایەکی باشی ئەو بوارەیە. بەم دواییانە دادگای باڵای فیدراڵ لەسەر نایاسایی بوونی فرۆشتنی نەوت لە لایەن هەرێمەوە بڕیاری خۆی دەرکردووە، ئەم بڕیارەش لە لایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەر زوو وەڵام دراوەتەوە و بە یاسایەکی سیاسی ناوی بردووە و پابەند نەبوونی هەرێمی بەو یاسایەوە ڕاگەیاندووە.

لە کاتێکدا حکومەتی عێڕاقیش، ئەو یاسایەی وەک چەکێک بە دەستەوەیە و بەردەوام فشارەکانی زیاتر کردووە. ئەم پەرلەمانتارە باس لە دژواری ئەو دۆخە دەکات و پێی وایە ئەگەر حکومەتی هەرێم ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا نەکات ئەوا هەرێم و خەڵکەکەشی دەخاتە تەڵەزگەوە. پێشی وایە ئامانجی حکومەتی عێڕاقی هەردوو کێڵگە نەوتیەکانی خوڕمەڵە و قادر کەرەمی غازیە کە بڕبڕەی پشتی سەرچاوە نەوتیەکانی هەرێمەکەیە.

لەو بارەیەوە دەشڵێت "ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکە شیانی تانە لێدان نییە، بژارەی ژیرانە بۆ هەرێم ئەوەیە کە مامەڵەی لەگەڵدا بکات نەوەکو لە دژی بوەستێتەوە، ئەگەر ژیرانە مامەڵە نەکات، ئەوا حکومەت و خەڵکەکەشی دەخاتە قەیرانێکی دژوارەوە. ئەمە وەها ناکرێت کە تۆ بڵێێت من هیچ حیسابێک بۆ ئەو بڕیارە ناکەم و تەواو، ئەویش وازی لێ هێنابێت، هەق وایە بڵێن بە بڕیارەکە ڕازین و داوا بکەن با دەست بەکار بکەین بۆ جێبەجێکردنی بە دڵنیاییەوە قازانجی هەرێمی تێدایە."

لە بەشێکی وتوێژەکەی بەرنامەی هەلەو واشنتن باسی ئەوەش کراوە کە یەکێتی و پارتی ئەو هەموو ناڕەزایەتیە دەبینن، کاتی ئەوە نەهاتووە بە خۆداچوونەوە بکەن و جارێکی تر سۆزی خەڵک بە لای خۆیاندا ڕابکێشن.

لەو بارەیەوە عەلی حەمە ساڵح دەڵێت "بەخۆداچوونەوە ناکەن و ئەو فەسادەی لە ئێستادا هەیە لە هیچ سەردەمێکدا نەبووە، ئەو قاچاخچێتیەی کە ئێستا هەبووە لە هیچ سەردەمێکی تردا نەبووە، ئێستا یەک زەوی بێ بوونی شەراکەت لەگەڵ خۆیاندا و پشک پشکێنە بۆ وەبەرهێنان وەرناگیرێت."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا سەبارەت بە قاچاخچێتی کە سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی و جێگرەکەی قوباد تاڵەبانی، بەردەوام باسی دەکەن. چەندین بەرپرسی مەکتەب سیاسی و منداڵەکانیان پێی دەوڵەمەند بوون. لەو بارەیەوە عەلی حەمە ساڵح دەڵێت "حەزناکەم تەشهیر بە مەکتەب سیاسی و کوڕەکانیان بکەیت، حەدیان چییە دەچن بە لای ئەو قاچاخچێتیە، ئەو قاچاخچێتیە لە لوتکەی دەسەڵاتەوە دەکرێت و بە هاوئاهەنگ لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان و بازگەکاندا، کوڕی بەرپرس و مەکتەب سیاسی حەدیان چیە دەچن بەلاشیدا."

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:51 0:00
XS
SM
MD
LG