Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

بڕیارە یەکەم یارمەتی خۆراکی مرۆیی لە ئۆکرانیا بەرەو ئەفریکا بەڕێبکەوێت


یەکەم کەشتی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بەکرێگیرابوو وا بڕیارە دانەوێڵە لە ئۆکرانیاوە بۆ ئەفریکا بگوازێتەوە کە ڕۆژی هەینیەوە لە ئۆکرانیا لەنگەری گرتووە.

کەشتییەکە یەکەم باری خۆراکی مرۆیی دەگوازێتەوە بۆ ئەفریکا بەپێی پلانێک کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری دەکات بۆ گواستنەوەی ئەو دانەوێڵانەی کە بەهۆی شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا گیریان خواردووە و یارمەتی ڕزگاربوون لە قەیرانی خۆراکی جیهانی دەدات.

ئۆلێکساندەر کوبراکۆڤ وەزیری ژێرخانی ئابوری ئۆکرانیا لە تویتێکدا نووسیویەتی، کەشتییە تازەکە لە بەندەرەکەدا 23 هەزار تەن دانەوێڵە باردەکات و بەرەو ئەسیوپیا بەڕێدەکەوێت. ئه‌م وڵاتەی ئەفریکا له‌گه‌ڵ سۆماڵ و کینیا ڕووبه‌ڕووی خراپترین وشکه‌ساڵی ناوچه‌که‌ بوونەتەوە لە ماوەی 40 ساڵەی ڕابردوودا.

ستیفان دوجاریک، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی گوتی "دانەوێڵەی جۆری گەنم دەچێتە سەر کارەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە ئەسیوپیا، کە پشتگیری لە بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی ئەفریکا و بەرنامەی جیهانی خۆراک دەکات لە کاتێکدا مەترسی برسێتی باڵیکێشاوە بەسەر ئەو ناوچەیەدا کە وشکەساڵی تەنگی پێهەڵچنیووە."

هەروەها گوتیشی"ئەمە یەکێکە لەو گرفتانەی کە سەرانسەری جیهانی گرتۆتەوە کە ڕاگرتنی تەواوەتی دانەوێڵە و خۆراکی ئۆکرانیا لە بازاڕی جیهانیدا ژیانی بۆ ئەو خێزانانە قورستر کردووە کە لە ئێستاوە لەگەڵ تاوسەندنی برسێتیدا دەجەنگن."

بەپێی لێدوانی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ کەشتی MV Brave Commander ڕۆژی هەینی گەیشتە شاری یوژنی ئۆکرانیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆدێسا لە کەنارەکانی دەریای ڕەش. دوای بارکردنی گەنم گەشت دەکات بۆ جیبۆتی، لەوێ دانەوێڵەکە دادەبەزێنرێت و دەنێردرێت بۆ ئەسیوپیا.

لە دوای لەشکرکێشی مانگی 2 ی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆکرانیا، نزیکەی 20 ملیۆن تەن دانەوێڵە لە ئۆکرانیا گیریان خواردووە.

لە 22ی مانگی حەوتدا، کیێڤ و مۆسکۆ ڕێککەوتنێکی گرینگیان واژۆ کرد بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا بۆ کردنەوەی ئاستەنگەکان لەبەردەم گەیاندنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەشەوە بەرەو جیهان.

تورکیا دامەزراوەیەکی تایبەتی لە ئەستەنبوڵ لە سەرەتای دەریای ڕەشدا کردەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی هەناردەکردن. کارمەندەکانی پێکهاتوون لە لایەن بەرپرسانی مەدەنی و سەربازی لایەنە شەڕکەرەکان و نوێنەرانی تورکیا و U.N.

XS
SM
MD
LG