Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

پشتیوانییەکانی تورکیا و ئێران بۆ حەماس


حەماس خاوەنی ئایدیۆلۆژیەتێکی ئیخوانییە و بەشی هەرە زۆری بڕیارە سیاسییەکانی لەگەڵ تورکیادا تاووتوێ دەکات، وەک زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی ئاماژەی پێدەکەن.

تورکیا بۆتە سەرپەرشتکاری ئیخوانولموسلمینەکان و ئامادەیشە ئەگەر پێویست بکات پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا سڕ بکات کە ئیخوانەکان جموجۆڵیان هەیە تیایاندا، ئەوەی لەگەڵ وڵاتی میسردا ڕوویدا، بە نمونە.

سەرکردە سیاسییەکانی حەماس لە تورکیان و هەموو جۆرە پشتیوانییەکیش دەکرێن و حکومەتی تورکیاش ئەو ڕاستییەی نەشاردۆتەوە و ڕاشکاوانەش بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەڵێت "حەماس ڕێکخراوێکی تێرۆریست نییە و لە پێناو خاک و خەڵکی خۆیدا خەبات دەکات."

باڵە سەربازییەکەی حەماس بە پێچەوانەی باڵە سیاسیەکەیەوە، کەوتۆتە ژێر هەژموونی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و زۆربەی هەرە زۆری پشتیوانییەکانی لە دەسەڵاتدارانی ئێرانەوەیە و وەک ئاماژەیشی پێدەکرێت تەنانەت ئێران ئاڕاستەی دەکات. هەر بۆیە دەکرێت بگوترێت حەماس لە هەردوو جەمسەری سوننەگەرا و شیعەگەراوە پشتیوانی دەکرێت.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە، بۆچی لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی سەرکۆنە و سەرزەنشتێکی زیاتری کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێت لە کاتێکدا سەرزەنشت کردنی تورکیا بەو ئەندازەیە نییە؟

دکتۆر هێنری بارکی، پسپۆڕی کاروباری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت "ئێران پشتیوانی لە حەماس کردووە لە ڕێی پڕچەک کردن و زانیاری هەواڵگری و تاکتیک و داراییشەوە و ئەگەرێکی زۆریش هەیە، ڕاستەخۆ دەستی هەبووبێت لە هێرشە تێرۆرکارییەکەی ڕۆژی 7ی مانگی 10دا؛ بەڵام پشتیوانییەکانی تورکیا بۆ حەماس زیاتر دیپلۆماتی و سیاسین. تورکیا مافی نیشتەجێبوونی داوە بە ڕێبەرانی حەماس و تەنانەت پاسپۆرتی وڵاتی تورکیاشی داوە بە ڕێبەرانی حەماس، ئەمەش وەهای کردووە ڕێبەرانی حەماس، هەست بە هێزێکی زیاتر بکەن لە خۆیاندا چونکە ئەندامێکی هاوپەیمانێتی ناتۆ ئەو یارمەتیانەیان بۆ دابین دەکات."

فاتیمە ئامان، لێکۆڵەری باڵا لە نێوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوڕایە و دەڵێت بەڵام جیاوازییش هەیە لە ڕەهەندی پشتیوانییەکانیانەوە "بەڵێ جیاوازی هەیە لە پشتیوانییەکانیاندا، یەکێکیان ئەوەیە تورکیا چارەسەری دوو دەوڵەتیی بەلاوە پەسەندە، هەرچی ئێرانە داوای نەمانی ئیسرائیل دەکات؛ تورکیا پشتیوانی سیاسیانەی حەماس دەکات، هەرچی ڕژێمی ئێرانە بە فەرمی دانیپێداناوە لە ڕووی لەشکریی و چەکەوە ئەو پشتیوانییە دەکات؛ ڕوانینی ئێران بۆ ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە کە ئیسرائیل هیچ ڕۆڵێکی تیادا نییە، بەڵام لە ڕوانینی تورکیادا ئیسرائیل بوونی هەیە."

دکتۆر بارکی، باس لە ژمارەیەک هۆکاریش دەکات کە بوونەتە مایەی سەرکۆنەکردنێکی توندی ئێران، لەوانە وەک دەڵێت "پێگەی ئێران لەسەر شانۆی نێونەتەوەیی پێگەیەکی لاوازە، بەهۆی چۆنییەتی سەروسەوداکردنی ڕژێمی ئێران لەگەڵ هاووڵاتیانی ئێرانیدا و بەتایبەتیش ژنان، دۆسێی ناوکیی، بەردەوامیی پشتیوانیکردن لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان و ژمارەیەک بابەتی تریشەوە."

ئەی بۆچی بەو ئەندازەیە سەرزەنشتی تورکیا ناکرێت؟ لە کاتێکدا بەپێی زۆرێک لە ڕاپۆرتە نێونەتەوەییەکان، تورکیا هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆتە زیندانێکی گەورە بۆ ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان و هەروەهاش بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە پێشێلکردنی بە بەرنامەی مافەکانی مرۆڤی تیادا دەکرێت.

دکتۆر بارکی دەڵێت "دەشێت پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ جیهانی ڕۆژئاوا و ئەندامێتییەکەیشی لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، یەکێک بن لەو هۆکارانەی سەرزەنشتێکی زۆری تورکیا ناکرێت."

کۆماری تورکیا و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش، خاوەنی یەک گوتارن و هەردوو وڵات دەیانەوێت ئەم شەڕەی حەماس ئیسرائیل وەها ناودێر بکەن کە شەڕێکی ئاینییە؛ بەڵام ئایا وەهایە؟
دکتۆر بارکی، لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێت دەشێت ئەم پرسە وەک بارێکی ئاسایی سەیر بکرێت بۆ ئێران، چونکە هەر لە سەرەتای فەرمانڕەوایەتی ئایەتوڵاکانەوە ئەو وڵاتە گوتاری سڕینەوەی ئیسرائیلی لە نەخشەدا بەکارهێناوە و دەڵێت "ئێران هەرگیز ڕەوایی هەبوونی دەوڵەتی جووی پەسەند نەکردووە و بە ئاشکرایی خۆی تەرخان کردووە بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی جوو."

فاتیمە ئامان دەڵێت، خاڵێکی هاوبەش هەیە لە نێوان ئێران و تورکیادا کە ئەم شەڕەی حەماس و ئیسرائیل بە شەڕێکی ئاینی ناودێر دەکەن "بریتییە لەوەی هەردوو وڵات دەیانەوێت پشتیوانی بۆخۆیان بەدەست بێنن لەناو ڕای گشتی عەرەبیدا، لە کاتێکدا هەردووکیشیان دەزانن ڕووبەڕووی چ مەترسییەک دەبنەوە ئەگەر بێتوو دەستێکی ڕاستەوخۆیان هەبێت، یانیش پشتیوانییەکانیان، سنورەکان ببەزێنن لەم شەڕەدا."

بۆ تورکیا دۆسێکە جیاوازە و هەمیشە پشتیوانیی لە فەلەستینییەکان کردووە، وەک دکتۆر هینری بارکی دەڵێت " ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە ئێستادا گوتاری ئاینیی زێد کردۆتە سەر پشتیوانی لە فەلەستینییەکان، هەرچەندە ئەوە ڕای هەموو تورکیا نییە بەڵام پێویستە چاوەڕوان بین تا بزانرێت لە ئایندەدا ئاڕاستەی تورکیا بە چ ئاقارێکدا دەڕوات."

دکتۆر هینری دەڵێت هەردوو ڕژێمی ئێران و تورکیاش لەناوخۆی وڵاتەکانیاندا سوودمەندن لەو گوتارەی ئەم شەڕە وەها ناودێر بکەن کە شەڕێکی ئاینییە و دەڵێت " ئێرانییەکان لە ڕێی بەکارهێنانی ئەو گوتارەوە دەخوازن ئەوە نیشان بدەن کە بۆچی دژایەتی ڕۆژئاوا دەکەن و هەروەها بۆچییش پێویستە هەر ئاوەها بمێنێتەوە؛ بەڵام ئەوەی تا ئێستا دڵنیانیین لەبارەیەوە، ئەوەیە تا چەندێک ئەو جۆرە هەڵوێستەی دەسەڵاتداران و فەرمانڕەوایانی ئێران، لەلای خەڵکەوە لەناو وڵاتەکەدا پەسەندە."

دکتۆر هینری، لەسەر هەڵوێستی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر هەمان پرس دەڵێت "ئەردۆغان دەیەوێت خۆی وەک ڕێبەرێکی جیهانیی نیشان بدات کە دەنگی ئەو دەبێتە مایەی دروستکردنی ڕووداوەکان و بەرەنجامەکانی ئەو ڕووداوانەش."

ئۆپزسیۆنی تورکیاش وەک دکتۆر بارکی دەڵێت "هیچ دەرفەتێکی بۆ نەماوەتەوە و ناچار کراوە پشتیوانی لەو ڕوانینانەی ئەردۆغان بکات؛ کاتێک ئەردۆغان ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ئیسلامی بە جەنگاوەرانی ئازادی ناودێر دەکات، ئەوا ئۆپزسیۆن دەخاتە گێرمە و کێشەیەکی قوڵەوە. ئەو جۆرە لێدوانەی ئەردۆغان و ناودێرکردنی ئەو دەستە و تاقمانە لە کاتێکدایە، هەر خۆی شەڕی دژی کورد دەکات لە سێ وڵاتدا، تورکیا و عێراق و سوریا."

فاتیمە ئامان، لێکۆڵەری باڵا لە نێوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە لێدوانەکەیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت خاڵێکی هاوبەشیش هەیە لە نێوان تاران و ئانکەرەدا، "دۆسێی ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان لە تورکیا و ئێرانیشدا جێی بایەخ و گرنگییە و هەردوو وڵاتیش بە دایکی هەموو ئاڵنگارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دادەنێن و لەوبڕوایەشدان بەبێ چارەسەرکردنی ئەو دۆسێیە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرگیز ئاشتی بە خۆیەوە نابینێت."

فاتیمە ئامان دەڵێت "ناشێت دۆسێی نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان بخرێتە چوارچێوەی شەڕی ئاینییەوە و ئێرانیش ناتوانێت لە برەودان بەو ڕوانینەدا سەرکەوتووبێت. پشتیوانییەکانی ئێران بۆ لایەنەکانی وەک حەماس و حزبوڵا بە پلەی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ زەمینەی ژیۆپۆڵەتیکی ناوچەکە نەک پشتیوانی لە ئیسلام یان لە موسڵمانان، بۆ نمونە لە قەیرانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیادا، ئێران پشتیوانی لە ئەرمینیا دەکات، لە دۆسێی کەشمیردا، تاران زمانی گوتارەکانی بە شێوەیەک بووە کە هیندستان زویر نەکات. پشتیوانییەکانی ئێران بۆ موسوڵمانان و شیعەکان لە وڵاتانی دراوسێیدا وەک ئەفغانستان یان پاکستان تا ئەندازەیەک سنووردار بووە."

XS
SM
MD
LG