Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

ئایا دۆسێی کوێخا دێرینەکان دەبێتە نەریتێک بۆ لەناوبردنی کێخواکان لە هەرێمی کوردستان؟


دوای ڕوخاندنی قەڵاکەی و دوورکەوتنەوەی کوێخا دێرین، پرسیارگەلێکی زۆر هاتوونەتە ئاراوە سەبارەت بە تەوەرەکانی پاراستنی خەڵک لە هەرێمدا، سەبارەت بە ڕاپەڕین و بەرەنجامەکانی و سەبارەت بە زۆر بابەتی تریش لە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە.

دکتۆر ئەنوەر جاف، نوسەر و پسپۆڕی یاسایی، لەوبڕوایەدایە دیاردەی کوێخا دێرینەکان یەکێکە لە بەرەنجامەکانی ڕاپەڕین و هەروەهاش لێکەوتەیەکە لە لێکەوتەکانی سیستەمی سیاسی کە لە هەرێمدا هەیە و دەڵێت "چونکە لە دوای ڕاپەڕین کەسە باڵاکانی حزبە سەرەکییەکانی هەرێم دەچوونە لای بنەماڵە و تیرە و عەشرەتەکان کە هەرهیچ نەبێت بەشێکیان چەکداری ڕژێمی پێشوو بوون، سەردان دەکران تا پشتیوانییان بە دەست بێنن و لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بدەن بەم یان بەو حزبی ئەمدیوو و ئەودیوی دێگەڵە، بەبێ گوێدانە ئەوەی پێشینە یان پاشینەی خراپیان هەبووبێت، حزبەکان پشتیوانییان لێکردون و تا ئێستاش کوێخا دێرینەکان هەر هەن لە ناویاندا."

دکتۆر ڕێبوار فەتاح، هاوڕایە و دەڵێت "بە دڵنیاییەوە ئەم دیاردەیەی کوێخا دێرینەکان، هەم یەکێکە لە بەرەنجامە نەخوازراوەکانی ڕاپەڕین و هەمیش بەرەنجامی شکستی دەستەبژێرێکی کۆمەڵگەیە بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی ڕەوای سیاسی کۆمەڵایەتی. ڕاپەڕین خۆی بەرەنجامی شکستی سیاسی و کۆمەڵایەتی سیستەمێکە کە سەد ساڵ یان زیاتر بوو نەیتوانی کۆمەڵگەیەک پێکبهێنێت، یاسا و ڕێسا تیایدا سەروەر بێت."

ئایا بەکارهێنانی شۆڤڵەکان، تەنها ڕێگەیەکە بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی کوێخا دێرینەکان؟

دکتۆر ڕێبوار، بڕوای وەهایە ڕوخاندنی قەڵاکان بە شۆڤڵ، یان بەکارهێنانی توندوتیژی هەرگیز چارەسەر نییە و دەشڵێت "ئەمیش وەک لەنێوبردنی سیاسییە، ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری ناهێڵێ و کولتووری ترس و کوشتن و بڕین، بەرز دەنرخێنێ، گەر کەسێک تاوانبارە، لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، ئەوا دەبێت و پێویستە سیستمی دادوەریی لە دادگادا چارەنووسی یەکلابکاتەوە، نەک بڕیاری کەسە باڵاکانی ناو حزب."

دکتۆر ئەنوەریش جەخت دەکاتەوە لەوەی ڕوخاندنی خانو و ماڵ وێران کردن و تاڵان کردن نەک هەر دیاردەیەکی ناشارستانییە بەڵکو بە نا یاساییش ناودێری دەکات و دەڵێت "بەڵام هەندێک جار لەبەرئەوەی ئەم کوێخا دێرینانە و ئەم یاسا شکێنانە و ئەم سەرانە سەنێرانە زۆرن و بەردەوامیشن و وازیش ناهێنن، بەم شێوازە نەبێت چاوترسێن نابن و دەشێت لە ڕووی سیاسییەوە ببێتە ڕەتکردنەوەیەک کە ئەوانە جارێکی تر نەتوانن نزیک ببنەوە لە ماڵی خەڵکییەوە و سەرانە بسەنن، لەوانەشە چاویان نەترسێت بەهۆی ئەو جبەخانە زۆرو زەوەندەی هەیانە کە حزبەکان بۆیانی دابین کردوون، وەهای کردووە تەنانەت داواکانی دادگاکانیش فەرامۆش بکەن."


بۆچی تا ئێستا لە پاش 32 ساڵی فەرمانڕەوایەتی کورد لە عێراقدا لەناوبردنی ئەم دیاردەیەی کوێخا دێرینەکان و کێخوا نوێیەکانیش نەبۆتە ستراتیژیەتێکی نیشتمانی؟


دکتۆر کاروان حەمە ساڵح، پسپۆڕی سیاسی، باس لە مێژووی 32 ساڵی ڕابردوو دەکات و ئاماژەش دەکات بەوەی لە ساڵی 1991وە هەمیشە هەوڵدراوە لەڕێی پەرلەمان و هەبوونی سیستەمی پەرلەمانییەوە، وێنای ئەم قەوارەیەی کە هەیە گەورەتر نیشانبدرێت و جێی حزبایەتی و کەسەکانی تیادا نەبێتەوە، دەشڵێت "بەڵام بە داخەوە لەم 32 ساڵەی ڕابردوودا هەمیشە ئەو وێنەیەی دەویسترا، پێچەوانە بووەتەوە و بچوک کراوەتەوە و ئەوەی باڵادەستە وێنەی حزب و کەسەکانی ناو حزب و وێنەی کوێخاکانە؛ هەربۆیەشە ئێمە نەک هەر ستراتیژیەتێکمان نەبووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێخواکان بەڵکو ستراتیژییەتێکی پێچەوانەش لە ئارادا بووە کە دۆخەکەی گەیاندووەتە ئەوەی ئێستا هەیە. بە دڵنیاییەوە کوێخاکان هێندە زۆرن، جا ئەگەر بێتوو بە هەمان شێوەی کوێخا دێرین سەودایان لەگەڵدا بکرێت ئەوا بە دوری نازانم ئاسایشی نیشتمانی تێکبچێت، بەڵام لە ئێستا بە دواوە چەندێک دەیکەنە ستراتیژیەتێکی نیشتمانی، ئەوەیان شتێکی ترە."


دکتۆر ڕێبوار لەسەر هەمان پرس ڕای وەهایە ئەگەر نیشتمان نەبێت، ئیدی چۆن ستراتیژییەتت دەبێت؛ دەشڵێت" بۆئەوەی نیشتمان دابمەزرێ، دەبێت هەموو هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە دەوڵەتدا، جا فیدراڵ بووە یان هەرێم کۆببنەوە و ئەم هێزانە لە کێبڕکێدا بن بۆ بەدەستخستی متمانەی دەنگدەر و پیادەکردنی سیاسەتی خۆیان. لە هەرێمی کوردستاندا نە دەسەڵاتی دەوڵەت هەیە، نە دەزگای دەوڵەت، ئەمانە هەموو دابەشکراون بەسەر دوو زۆن و دوو حزبدا. ئەمان کێبڕکێیان لەسەر خزمەتی خەڵک نییە، بەڵکو لەسەر دامەزراندنی حوکمی حزبە، کە خێڵەکییەکی هاوچەرخانەیە. جا بە ئەقڵی خێڵەوە هەردوولا دەیانەوێ زاڵ بن، لەو سۆنگەیەوەی خێڵ نابێ بدۆڕێ و هەر کەس و لایەنێکیش دژی بێ، بە هێز سەرکوتی دەکەن. دەنا گەر کەیسی کوێخا بچووایەتە دادگاوە و بە تاوانبار ببینرایەتەوە، دەکرا موڵکوماڵی دەستی بەسەردا بگیرایە و بچووایەتە خەزێنەی دەوڵەتەوە. خۆیشی دەستبەسەر و زیندان دەکرا. قەڵاکەی دەکرا ببێ بە موڵکی گشتی، بۆ نمونە دەکرا بکرێت بە نەخۆشخانەیەک یان قوتابخانەیەک."


ئایا ئەزمونی کوێخا دێرینەکان دەبێتە مایەی ڕێگەگرتن لە دروستبوونی کێخوا نوێیەکان؟

دکتۆر کاروان حەمە ساڵح، پێیوایە مەرج نییە ئەوەی بەرامبەر کوێخا دێرین کرابێت بەو مانایە لێکبدرێتەوە کە بەرامبەر هەموو کێخواکانی تریش کراوە؛ دەڵێت "خەڵکانێکی تری زۆر و کوێخای تری زۆر ماون لەم هەرێمەدا. کوێخا هەیە لە بەرگی دەسەڵات و تەنانەت لە بەرگی فەرمانڕەوایەتیدا و بەوە نییە کە چاکەتی لەبەردایە و بۆینباخی بەستووە، بەڵام کوێخایانە مامەڵە دەکات لەگەڵ داهات و سەرچاوەی سروشتیی و سەرچاوەی مرۆیی و هەموو دامەزراوە شەرعییەکانی ئەم وڵاتەدا، هەربۆیە لە ڕاستیدا پێویستە سیستەمێکی سیاسی و ئابوریی ڕون و ئاشکرا و جێگیر هەبێت تا خۆشگوزەرانی بێنێت بۆ خەڵک و هەر کاتێکیش ئەو سیستەمە خرایە سەرو سیستەمی دیوەخان و ئاغاکان و کوێخاکان، ئەوا ئەوکاتە دەتوانین بڵێین کوێخاکان سەرهەڵنادەنەوە؛ بەڵام تا چەندێک بوێری هەیە تا ئەم وێناکردنەی ئێستاهەیە پێچەوانە بکرێتەوە؟ ئەمە کۆششێکی زۆری دەوێت و هەروەهاش بڕوابوونێکی زۆری دەوێت بە خزمەتکردنی هاووڵاتیان."
وەک خەڵک لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا دەڵێن "مەخابن، ئەمانەی باس دەکرێن، بوونەتە دیمەنێک و ڕۆژانە چەندبارە دەبنەوە و دەبینرێن."


لە دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991ەوە کورد فەرمانڕەوای خۆیەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا؛ دوای زیاتر لە 32 ساڵی فەرمانڕەوایەتی کورد، سکاڵایەکی زۆریش دەکرێت لە دەسەڵاتدارانی هەرێم سەبارەت بەوەی نەیانتوانیوە زرمینەیەک بڕەخسێنن بۆ دادوەریی و ئاسودەیی کۆمەڵگە.
خۆسەپاندن بە زەبری چەک، یەکێکە لە دیاردە ترسناکەکان، لەو ڕوانگەیەوەی چەک هەرگیز گوڵ نابەخشێتەوە و دۆستایەتیش دروست ناکات.

سەرانە سەندن، هەڕەشە کردن، تۆقاندن، بەکارهێنانی چەک، دەستدرێژی کردن بە هەموو جۆرەکانییەوە، زەوتکردنی مافی یاسایی، پێشێلکردنی ئازادییەکان، شکاندنی شکۆی یاسا و زۆر بابەتی تریش هەر هەموویان دەچنە خانەی کۆتوبەندکردنی مرۆڤەوە جا لە هەرکوێیەکدا بێت.

XS
SM
MD
LG