Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت گفتوگۆکان بەردەوامن لەسەر ئاڵوگۆڕی ڕۆژنامەوانێکی ئەمەریکایی


کرێملن دەڵێت گفتوگۆکان لەسەر ئەگەری ئاڵوگۆڕێک بەڕێوەدەچن کە پەیوەندی بە ئیڤان گێرشکۆڤیچ پەیامنێری ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵەوە هەیە کە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر بە تۆمەتی سیخوڕی لە ڕووسیا دەستگیر کرا.

ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکاییە تەمەن 32 ساڵە کە لە مانگی سێی 2023 لەلایەن دەزگای ئاسایشی FSB دەستبەسەرکرا و تۆمەتبارکرا بە سیخوڕیکردن. ئەمەش یەکەم تۆمەتی لەو شێوەیە بوو لە دژی ڕۆژنامەنووسێکی ڕۆژئاوایی لەوەتای سەردەمی سۆڤیەتەوە.

گێرشکۆڤیچ و خاوەنکارەکانی و کۆشکی سپی هەموویان بە توندی ئەو تۆمەتە سیخوڕییە ڕەتدەکەنەوە و بە تۆمەتێکی هەڵبەستراو ناودێری دەکەن.

ڤلادیمێر پوتن ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە و ڕۆژی پێنجشەممەش کرێملن ڕایگەیاندووە، گفتوگۆ نهێنییەکان هێشتا بەردەوامن.

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملن لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەوانان گوتی "چەندین جار ڕامانگەیاندووە کە هەندێک پەیوەندی هەیە، بەڵام دەبێت بە تەواوەتی بە بێدەنگی ئەنجام بدرێت."

ناوبراو گوتیشی "شکاندنی ئەم بێدەنگییە تەنیا کێشەی زیاتر دروست دەکات و ڕێگری دەکات لە بەدیهێنانی هەر ئەنجامێک لەم پرۆسەیەدا".

دادگایەک لە مۆسکۆ لەم هەفتەیەدا بڕیاریدا گێرشکۆڤیچ کە پێشتر لە ڕۆژنامەکانی مۆسکۆ تایمز و ئاژانسی فرانس پرێسیش کاری کردووە، تا کۆتایی مانگی شەش لە دەستبەسەرکردنی پێش دادگاییکردندا دەمێنێتەوە.

واشنتن مۆسکۆی تۆمەتبار کردووە بە دەستگیرکردنی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی بە تۆمەتی بێ بنەما بۆ ئەوەی بەکاریان بهێنێت بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی ئەو ڕووسیاییانەی کە لە دەرەوەی وڵات سزادراون.

XS
SM
MD
LG