Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

"هەژماری من" و بێ متمانەیی هاووڵاتییان


بانکەکان، بەشێکن لە سیستەمی دارایی وڵاتان و کاریگەرییەکی زۆریشیان هەن لەسەر خۆشگوزەرانی خەڵک بەتایبەتیش کاتێک باس دێتە سەر وەبەرهێنان کردن لە هەردوو ئاستی گەورە و بچوکدا.

بێجگە لە سەرمایەیەکی گەورە، بانک پێویستی بە متمانەی خەڵک هەیە تا پارەکانیان لە بانکەکاندا دابنێن و بانکیش ئەو پارانە بخاتە ناو کردەکانی وەبەرهێنانەوە و بەشێکی ئەو قازانجانەی لە وەبەرهێنانەکاندا دەکرێن، بە ڕێژەیەکی دیاریکراوی بانکەکە، بدرێنەوە بەوانەی پارەیان داناوە و ڕاستەوخۆش بخرێنەوە سەر ئەژمارەکانیان.

یاسین ئافتاو، نوسەر و لێکۆڵەر دەڵێت "هەرێمی کوردستان خاوەنی سیستەمێکی بانکیی نییە و لە ڕاستیشدا لە هەرێم هیچ جۆرە سیستەمێک نییە، نە سیستەمێکی سیاسیی ڕون و ئاشکرا و کۆنکرێتیی هەیە، نە سیستەمێکی پەروەردە و ئەوەی کە هەیە، هەرێمی کوردستان لە ئاژاوەیەکی گەورەدا دەژی و ئەو ئابوریەشی هەیە بریتییە لە ئابوری پارەی نەختینە و تا ئێستاش موچە بە گوێنی دەبرێت و دابەشدەکرێت و ئیدی ئەوەی کە هەیە بریتییە لە بانکەکان بەڵام سیستەمی بانکیی بوونی نییە."

یاسین ئافتاو، باسیش لەوە دەکات کە نەبوونی سیستەمی بانکیی وەهای کردووە متمانەش بە بانکەکان نەکرێن و دەڵێت "ئەو بانکە پەرت و بڵاوانەی کە هەن، مامەڵەکانیان بەپێی یاسا ڕێکنەخراوە و زۆر جاریش ستەمێکی گەورە لە بەشداربووانی بانکەکان دەکرێت چونکە لایەنێکی چاودێر نییە بەسەریانەوە تا بتوانێت لێپرسینەوە لە بانکەکان بکات، هەندێک بانک بە هۆکاری گوماناوی مایەپوچیی خۆیان ڕاگەیاندووە، ئەمەش یانی نەمانی سەدان ملیۆن دۆلار و دیناری خەڵک لەو بانکانەدا، جا ئەگەر ئێستا بە کاتێکی پێوانەیی سیستەمێکی بانکیی دابنرێت، ئەوا کاتێکی زۆر زۆری دەوێت تا خەڵک متمانە بەو بانکانە بکات."

موحەمەد حوسەین، شارەزای ئابوری لەوبڕوایەدایە بانکەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش ئەوانەی ناویان هاتووە کە دەتوانن "هەژماری من" بەڕێوەبەرن، لە ڕووی تەکنەلۆژییەوە لە بانکەکانی بەغدا باشترن و پێشکەوتووتریشن، بەڵام وەک دەڵێت گرفتی متمانەیان هەیە.
بەڕێز حوسەین دەڵێت "ئەو بانکانە متمانەیان دۆڕاندووە چونکە خەڵک وەها دەزانن کە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن، لە کاتێکدا سەر بە کەرتی تایبەتن، بەڵام خاوەنی بانکەکان کەسە دەستڕۆیشتووەکانی ناو حزبەکانن بەتایبەتیش لەناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا، یانیش خاوەنەکان نزیکن لە بڕیاربەدەستانی هەرێمی کوردستان. بە مانایەکی تر، بێ متمانەیی حکومەتی هەرێم بۆتە کێشە بۆ ئەم بانکانەش."

موحەمەد حوسەین، ئاماژەش بەوە دەکات بەشێکی تری ئەو بێ متمانەییەی بە بانکەکان هەن، پەیوەندی هەیە بە سیاسەتەوە و دەڵێت "بڕێکی زۆری هێز و لایەنە سیاسییەکانی ناکۆکن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا، کار لەسەر ئاڕاستەیەک دەکەن بۆ دروستکردنی ڕایەکی گشتی لەسەر بانکەکان و کۆی گشتی "هەژماری من" لە کاتێکدا تەواوی بانکەکانی عێراق مۆڵەتی کارکردنیان لە بانکی نێوەندیی عێراقەوە وەرگرتووە، هەربۆیە ترس و نیگەرانیی خەڵک لە بانکەکان لەجێی خۆیدانین."

لۆگۆی هەژماری من
لۆگۆی هەژماری من

"هەژماری من" لە ئێستادا بۆتە یەکێک لە کێشەکانی نێوان خەڵک و دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا. حکومەتی هەرێم داوا دەکات موچەخۆرانی هەرێم هەژماری خۆیان لە بانکەکانی هەرێمدا بکەنەوە تائەو پارەیەی لە بەغداوە دەنێردرێت بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەو هەژمارانەوە دابەشبکرێن.

یاسین ئافتاو، نوسەر و لێکۆڵەر دەڵێت "هەژماری من، بریتییە لەو باڵەخانەیەی کە حکومەتی هەرێم دەیەوێت لەسەر داروپەردووی 10 ساڵی ڕێک لە دەستی دەستی کردن و پەیمانی ناڕاست و پەیمانی وەدینەهاتووی ئەو 10 ساڵەی ڕابردوو بونیاتی بنێت."

بەڕێز ئافتاو، زۆر بە ئاسایی دەبینێت کە هیچ کەسێک لە هەرێم متمانەی بەو هەژماری منە نەبێت و دەڵێت "ئەگەر بژاردە بخرێتە بەردەم خەڵکەوە، ئایا بانکێکی فێدراڵی عێراقی دەوێت یان ئەو بانکانەی حکومەتی هەرێم دایناون، ئەوا لە سەدا 99ی خەڵکی کوردستان بە شوێنکەوتووەکانی حزبەکانیشەوە بانکێکی فێدراڵی عێراقی هەڵدەبژێرن."

موحەمەد حوسەین، شارەزای ئابوری، نەبوونی سیستەمێکی پێشکەوتووی دارایی لە هەرێم و لە عێراقیشدا بە هۆکارێکی سەرەکی دەبینێت بۆ ئابورییەکی دواکەوتووی پشتبەستوو بە پارەی نەختینە لە عێراق و لە هەرێمی کوردستانیشدا و دەشڵێت "ئەم جۆرە ئابورییە و نەبوونی سیستەمێکی بانکیی پێشکەوتوو گۆمێکی لێڵیشی دروستکردووە بۆ هەزاران سیاسی و بازرگانی سەر بە سیاسییەکان و ئۆلیگارەکان و ئەو لایەن و هێزە میلیشیاییانەی لە عێراق و لە هەرێمیشدان، هەتا بە بەردەوامی ئەو پارەیەی دەستیان دەکەوێت لەڕێی کۆنتراکتی ناڕەوا و پڕ لە گومان و ئەوەی لە کەرتی گشتی دەدزرێت، بڕێکی زۆری سپی دەکرێنەوە و ئاڵوگۆڕی دراویی پێدەکەن و بازرگانی پێوەدەکرێت لەو گۆمە لێڵەی بەهۆی نەبوونی سیستەمێکی پێشکەوتووی دارایی و بانکییەوە دروستبووە."

XS
SM
MD
LG