Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا: لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیدا باس لە پێشخستنی هاوکارییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرا


وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ لە مۆسکۆ لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بافڵ تاڵەبانی کۆبووەتەوە و باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی حکومەتی ڕووسیا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بڵاویکردەوە ڕۆژی پێنجشەممە، 28-3-2024، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە مۆسکۆ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەتەوە و "هەردوولا باسیان لە پرسەکانی زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندیی دۆستانەی دێرینی نێوان ڕووسیا و عێراق کرد، لە نێوانیان پێشخستنی هاوکارییە هەمەچەشن و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لەگەڵ هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردی عێراق."

ڕاگەیێندراوەکە دەشڵێت هەردوولا باسیان لە پرسەکانی پەیوەست بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، بەتایبەت دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی. "هەردوولا پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەکانی دەستەبەرکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی کۆماری عێراق دووپات کردەوە، وە ڕێزگرتن لە دەستوورەکەی و ڕێگری کردن لە گۆڕینی ئەم دەوڵەتە فرە نەتەوەییە بۆ گۆڕەپانی شەڕ بۆ تۆمارکردنی خاڵ و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان لایەنە دەرەکییەکان."

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەر هەمان ڕۆژ میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە "ڕاوێژێکی چڕی" لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ئەنجامداوە.

هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی لێدوانی بەرپرسانی یەکێتی لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان بێئەنجام بوون.

بێستون فایەق، ڕاوێژکاری بافڵ تاڵەبانی، ئامادەنەبوو لەسەر هۆکاری سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ ڕووسیا لێدوان بدات.

یەکێتی لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی، لە کۆبوونەوەکە ئامادەبووە.

لە ڕاگەیێندراوەکەی یەکێتیدا هاتووە، "سەرۆک بافڵ هەڵوەستەی لەسەر دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکان کرد و ستراتیژیی یەکێتی خستەڕوو، هەروەها جەختی لە گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەکان کردەوە بە ئاڕاستەی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و وتی، پێویستە سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت و وڵاتەکەمان نەبێتە جێگەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان."

ڕاگەیێندراوەکە دەشڵێت، "پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کورد و رووسیا تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە بوو و هەردوولا بەپەرۆشییەوە جەختییان لە پەرەپێدان و فراوانترکردنی کردەوە، هەروەها هەوڵەکانی سەرۆک مام جەلال لە دانانی نەخشەڕێگای پەیوەندییەکە، بەرزنرخێنرا و هەردوولا هاوڕابوون، پابەندبوون بەو نەخشەڕێیەوە دەبێتە مایەی فراوانکردنی هاریکاری و هەماهەنگییەکان و لەبەرژەوەندیی هەردوولا دەبێت."

XS
SM
MD
LG