Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

وتەبێژی حکومەتی هەرێم: ڕێگری نەکراوە لە ڕووماڵی وتارەکەی مەسرور بارزانی بۆ یادی ڕۆژنامەگەری


پێشەوا هەورامی
پێشەوا هەورامی

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕەتیکردەوە ڕێگری هەبووبێت لەوەی ڕۆژنامەنووسان ڕووماڵی وتارێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بکەن بە بۆنەی ساڵوەگەڕی ڕۆژنامەگەری کوردی.

پێشەوا هەورامی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "من خۆم ئامادەی ئیڤێنتەکە بووم؛ هیچ میدیایەکم نەبینی کامێرای دانابێت و ڕێگری لێبکرێت، بۆیە ئەم قسەیە ڕاست نییە کە دەڵێن ڕێگری کراوە."

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم بۆ یادکردنەوەی ساڵوەگەڕی ڕۆژنامەگەری کوردی ئەمڕۆ دووشەممە، 22-4-2024، وتارێکی پێشکەشکرد لە ددیداری نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی.

سەرۆکوەزیران لە وتارەکەدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی ڕاگەیاندنکاران "لە سایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە ئازادی و بێ هیچ سانسۆرێک کاری پیشەیی خۆیان دەکەن تەواو ئازادن لە ڕەخنەگرتن."

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە کاتی بەشداریکردنی لە دیداری نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی لە ڕۆژی 22-4-2024.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە کاتی بەشداریکردنی لە دیداری نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی لە ڕۆژی 22-4-2024.

بەڵام شێوازی گواستنەوەی وتارەکەی مەسرور بارزانی بووە جێگای ڕەخنەی ڕۆژنامەنووسان بەهۆی ئەوەی دەوترێت تەنها ڕێگا بە دەزگایەکی هەواڵی نزیک لە سەرۆکی حکومەت دراوە وتارەکە بگوازێتەوە.

هەژار ئەنوەر پەیامنێری دەزگای شارپرێس یەکێکە لەو ڕۆژنامەنووسانی دەڵێت ڕێگری لێکراوە.

هەژار ئەنوەر بە دەنگی ئەمەریکای وت، "هەرچەندە دوێنێ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بانگهێشتنامەی بۆ دەزگاکان ناردبوو کە ڕووماڵی وتارەکەی سەرۆکوەزیران بکەین، بەڵام بەداخەوە ڕێگە بە هیچ دەزگایەک نەدرا ڕووماڵ بکات، جگە لە دەزگاکەی نزیک لە خۆیان، کە نەدەبوو خودی سەرۆکوەزیران ئەم پێشێلکاریە قبوڵ بکات."

هەر ئەمڕۆ دووشەممە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەوانان ئاماژەی بە هەبوونی ئەو ڕێگرییە کردووە.

سەنتەری میترۆ ڕایگەیاندووە کە " ئەمڕۆ لە یادی رۆژنامەگەری کوردیدا ستافی سەرۆکی حکومەت هاوشان لەگەڵ سەندیکای رۆژنامەنووسان لە دیداری نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژنامەنووسی ڕێگریان لە تەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد کە ڕووماڵ بکەن، جگە لە کەناڵەکەی سەرۆکی حکومەت بەبیانووی فریکوێنس هەیە."

سەنتەرەکە دەشڵێت " ئەم ڕێگری و پێشێلکارییە لەسەر خودی سەرۆکی حکومەت حسابە، دەبوو خۆی مەرجی ئامادەبوونی لە دیدارەکە ئەوە بوایە کە نابێ جیاوازی لەنێوان هیچ دەزگایەک بکرێت."

XS
SM
MD
LG