Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

کاریگەرییەکانی بایکۆتی مامۆستایان لەسەر پرۆسەی خوێندن


پاش چەندین مانگ لە بایکۆت و وەستانی پرۆسەی خوێندن لە سنورەکانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، کۆیە و ڕاپەڕین، وا ئێستا کە نزیکەی وەرزێکی خوێندن لە دەستچووە، پرۆسەی خوێندن لەو سنوو\رانە دەستیانپێکردووەتەوە، لە کاتێکدا نزیک دەبینەوە لە کۆتایی هاتنی ساڵی خوێندن. بۆیە بەشێک لە مامۆستایان دەڵێن تەواوکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن ئەستەمە جگە لەوەی چەندین کاریگەری تری دەبێت لە ڕووی ئاستی زانستیەوە لەسەر قوتابیانی قۆناغە جیاوازەکانی خوێندن، چ لە ئێستا و چ لە داهاتوو. لەگەڵ ئەوەشدا بابەتی پۆلە کۆتاکانی، وەک پۆلەکانی دوانزە و نۆ کە تاقیکردنەوەی گشتییان هەیە یەکێکە لە گرفتەکان ئەو دۆخە ناهەموارە.

دەپرسین:

چۆن قەرەبووی ماوەی لەدەستچووی خوێندن دەکرێتەوە؟

ئایا پرسیارەکانی تاقیکردنەوە گشتییەکان لە تەواوی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵی خوێندن وەک یەک دەبن؟

چی دەکرێت و چی بکرێت بۆ کەمکردنەوە زیانەکانی ئاکامی وەستانی خوێندن؟

ئەی چی بکرێت هەتا ساڵێکی تر یان لە ئەگەری سەرهەڵدانی کێشەی تر موچەی مامۆستایان دوانەکەوێت و پرۆسەی خوێندن ڕانەگیرێت.

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی پرسی کاریگەرییەکانی بایکۆتی مامۆستایان بەسەر پرۆسەی خوێندن و چارەنووسی خوێندن دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:

مامۆستا هەینی قادر خزر، بەڕێوەبەری گشتی سەرپەرشتی کردنی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئومێد عەلی محەمەد، سەرپەرشتیاری پسپۆڕی پەروەردەیی

مامۆستا عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:59:20 0:00

مامۆستا هەینی قادر خزر

لە وەزارەت سەرجەم بەڕێوەبەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ئەو سنوورەی پێشتر بایکۆتی خوێندنیان تێداکرابوو، سەرپشک کراون و وە دەسەڵاتییان دراوەتێ کە وا بەپێی پێویست قوتابخانەکان بۆ بەهێزکردنی ئاستی زانستی قوتابی لە هاویندا بکەنەوە، ئەوەش ئیختیاریە بەشداری کردن واتە وەک خولی بەهێزکردنەکانە کە دەکرێتەوە، وە سەبارەت بە ساڵنامەی خوێندن ئەمساڵ لەبەر سنوری بایکۆت ئێمە لە ئەنجومەنی وەزارەت سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکان ڕاسپێردران بەپێی بەرنامە و پلانی خۆیان ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان دابنێن، بەبۆچونی ئێمە نەدەبوو بایکۆت ئەوەندەی بخایاندایە کە تەنها قوتابی قوربانی بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەش کورد دەڵێ زیان لە نیوەی بگەڕێتەوە قازانجە، ئێستاش وەزارەتی پەروەردە بۆ پۆلە ناکۆتاکان تاقیکردنەوەی ساڵی لە دەڤەری بایکۆت دوو هەفتە دواخستووە، وە پۆلە کۆتاکانی وەک دوانزەش هەوڵدراوە پڕۆگرامەکان لەسەر ئاستی کوردستان کەمبکرێتەوە بە جۆرێک کەمنەکراوەتەوە کە کاریگەری خراپی هەبێ، بەڕاستی ئەوە چارەسەری مامناوەند بوو، بێگومان کەسمان ناتوانین ئینکاری لە خراپی بایکۆتی خوێندن لەسەر ئاستی زانستی و زیرەکی خوێندکاران بکەین لە نەوەی داهاتوو کە لەجێی تموحی وەزارەت بێت.

ئەوەندەی من ئاگادار بم، لە وەزارەتی پەروەردەوە هەوڵێکی جدی هەیە بۆئەوەی ئێمە ساڵێکی تر لە ڕووی پێدانی موچە و شایستەی دارایی بەمامۆستایان دوانەکەوین، بەڵام دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانیش بەندە بە دۆخی ئەو پەیوەندییە دارایی و سیاسیەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیەوە.

سەبارەت بەوەی ئەمساڵ حساب نەکرێت، بەڕاستی ئەوە بڕیارێکی زۆر قورس بوو، لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت تایبەت بەو دۆخە کەسمان نەچوینە ژێر باری ئەو بڕیارە قورسە چونکە ئەوە فەوتانی ساڵێکی نەوەیەکە.

مامۆستا عەتا ئەحمەد

بەداخەوە بایکۆت کاریگەری لەسەر قوتابیان و تەنانەت مامۆستایانیش هەبووە، هەردوولا زەوق و خۆشەویستییان بۆ خوێندن و پیشەی مامۆستایش وەک جاران نەماوە، بەڵام بەڕاستی دەبێت هۆکاری بایکۆتەکە باس بکەین کە حکومەت بەرپرسیارە، نەک هەر قوتابی مامۆستاش قوربانی بووە، ئەوەندە بێ پارەیی چەشت خاوەن مۆلیدە و سوپەر مارکێت هاتنەسەری، بۆ حکومەت باسی بندیوارەکانی ناکات، ئێمەش هەمومان نیگەرانین و نیگەرانی قوڵمان هەیە، دەبووایە حکومەت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت نەک بڵێ بە موچە و بێ موچە دەبێت مامۆستا دەوام بکات، من خۆم سەرپەرشتیاری پەروەردەیم شەوق و زەوق و تاقەتی پڕۆسەی خوێندن و پەروەردەم نەماوە، من ساڵانی ڕابردوو بە شەوق و زەوقەوە دەچومە ناو ناوەندەکانی خوێندن دەمتوانی زەبت و ڕەبتی مامۆستایان و ناوەندەکانی خوێندن بکەین، بەڵام ئێستا لەبەرئەوەی دەنگمان دلێر نیە و موچە نادرێ بە مامۆستا ناتوانین فشار لە مامۆستا بکەین چونکە مامۆستا پێمان دەڵێ مامۆستا من زیاتر لە ٣٠ موچەم لای حکومەتە حکومەت هەرباسی ناکات، یان دوای ساڵێک پارەی تاقیکردنەوە دەدرێ بە مامۆستایان، بەڕاستی حکومەت دەبێت خەمی کەرتی پەروەردە بخوات ئەگەر بەسواڵیش بووایە نەیهێشتایە بەو ئەنجامە بگات، بەڵام بەداخەوە پڕۆسەی پەروەردە زۆر بێ نازە لە وڵاتی ئێمە.

ئومێد عەلی محەمەد

خۆی پێش دروستبوونی ئەم قەیرانانە پەروەردە پێویستی بەڕیفۆرم هەبوو، دوای ئەو قەیرانەش بایکۆت کە خوێندکار پێویستی بەساڵێکە بۆ فێربوونی پیەتەکان، بەڵام ئێستا بەچەند مانگێک دەیانەوێ تەنها تێیپەڕێنن و دەچوون هەبێ، بەتایبەت ئەوەی ئەمساڵ بەڕاستی شکستێکی زۆر گەورەی پەروەردەییە بۆ ئەم دەڤەرەی بایکۆتی تێداکراوە، لەئێستاوە دیارە کاریگەرییەکەی خوێندکار تاقەتی خوێندنی نەماوە واتە کارەسات لەوەدا ئەوەیە ئێستا هەموو ئامانجەکە بووە بەدەرچوون نەک فێربوون، واتە دەرچونێکی بێ فێربوون، جا ساڵانی داهاتوش کاریگەری ئەم بایکۆتانە زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت، نەک هەر ئەمساڵ ساڵی ڕابردووش خوێندکار هەیە لە پۆلی حەوت نەیزانیووە ناوی خۆی بنوسێ، خوێندکار هەبووە لە پۆلی یانزە هەڵمستاندووە ڕستەیەک بنوسێ نەیزانیووە، ئنجا ئێستا تاقیکردنەوەی پۆلی دوانزە بۆتە هەڵبژاردن واتە ڕێنوس و نوسین نەماوە کە ئەمە کاریگەری خراپی لەسەر خوێندکار دروستکردووە، خۆشبەختانە جەنابی وەزیر پێشنیارێکی بۆ پەروەردەی گشتی سلێمانی کردووە کە قوتابخانەی هاوینە لەم دەڤەرەدا بکرێتەوە بۆ تاڕادەیەک قەرەبوکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن یا پێداچونەوە.

XS
SM
MD
LG