Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

کارگێڕی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵ: ئەگەر هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت مەگەر "حیلە" بۆ بەشداریکردنی پارتی بدۆزرێتەوە


کارگێڕی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بە دەنگی ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت، جوڵەیەک لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی چەند مانگێک لە ئارادایە. دەشڵێت لە بەغداش هاوشێوەی هەرێمی کوردستان ئێسا دووبەرە ڕکابەری یەکتری دەکەن لەسەر پرسی ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە وادەی دیاریکراودا.

محەمەد حەکیم، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە دژی دواخستنی هەڵبژاردنین. جوڵەیەک لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ماوەی چەند مانگێک هەیە، تا دەرفەت بۆ بەشداریکردنی پارتیش بڕەخسێنرێت، بەڵام ئێمە پشتگیری ئەم جوڵەیە نەبووین."

دەشڵێت،"هەرێمی کوردستان دوو زۆن و دوو ئیدارەو دوو دەسەڵاتە، گەر پارتی بەشداری هەڵبژاردن نەکات ئایا دام و دەزگا نزیکەکان لەو حزبە ئاسانکاری دەکەن بۆ هەڵبژاردن دەکەن؟"

ڕۆژی 10ی مانگی 6ی ساڵی 2024، وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

پارتی و چەند حزبێکی پێکهاتەکان بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕەتدەکەنەوە و داوای دواخستنی دەکەن تا ئەوکاتەی تێبینییەکانیان بەهەند وەردەگیرێت، لەکاتێکدا یەکێتی و بەشێکی تر لە هێزو لایەنەکان پشتگیری هەڵبژاردن دەکەن لە وادەی خۆیدا.

محەمەد حەکیم دەڵێت، "تا ئێستا دانوستان دروستنەبووە لە نێوان پارتی و لایەنەکاندا بۆ مەسەلەی دواخستنی هەڵبژاردن. لە بەغدا لایەن هەیە پشتگیری دواخستنی هەڵبژاردن دەکات بەمەبەستی بەشداریکردنی پارتی، هەروەها هێز و تواناش هەیە پشتگیری ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات لە وادەی دیاریکراودا. بۆیە ململانێ هەیە لەسەر ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن. ئەم ململانێیە لەناو هەرێم و عێراقدا هەیە و پێدەچێت هێزە دەرەکییەکانیش تێوەبگلێن."

محەمەد حەکیم کارگێڕی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵ
محەمەد حەکیم کارگێڕی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵ

بەرپرسەکەی کۆمەڵی دادگەری ڕایگەیاند سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دووجار وەفدی ناردووە بۆ لای حزبەکەی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ جارێک مستەفای سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم و جارەکەی تر دڵشاد شەهاب، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم سەردانی ئەو حزبەیان کردووە.

محەمەد حەکیم وتی، "نوێنەرەکانی سەرۆکی هەرێم داوایانکرد هەڵبژاردن بۆ ماوەی چەند مانگێک دوابخرێت تا پارتیش بەشداری بکات، بەڵام ئێمە دژی دواخستنی هەڵبژاردن بووین."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە دڵشاد شەهاب راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.

زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەوڵەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن ڕەتنەکردەوە و پشتڕاستیشی نەکردەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەرۆکی هەرێم لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندا بووە لەکاتی خۆیدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدایە هەموو لایەنەکان بەشداری پرۆسەکە بکەن، چونکە بەشداری هەموو لایەنەکان سەنگی هەڵبژاردن زیاتر دەکات."

زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، "سەرۆکی هەرێم بە یەک چاو سەیری لایەنەکان دەکات، لەڕووی یاساییەوە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر هەموویان، بۆیە وەک چۆن لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندایە لەکاتی خۆیدا، لەگەڵ بەشداری کردنی هەمووشیاندایە."

ڕۆژی 8ی مانگی 4ی 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان، تیروپشکی بۆ ژمارەی کاندیدو لیستی حزب و لایەنەکان ئەنجامدا و تائێستاش بەردەوامە لەسەر ڕێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان هەرچەندە ئاماژە بە ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن ناکەن، بەڵام بەردەوام جەخت دەکەنەوە هەڵبژاردن بە بێ پارتی "ئەستەمە".

محەمەد حەکیم دەڵێت، "گەر هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراودا بکرێت مەگەر حیلە بۆ بەشداریکردنی پارتی بدۆزرێتەوە، ئەگەرنا بەپێی یاسا و ڕێنمایی کۆمیسیۆن دەرفەت نەماوە بۆ بەشداریکردنی."

هەروەها وتیشی، "بۆ چۆنیەتی مامەڵە کردنی پارتی لەگەڵ هەڵبژاردن، پێموایە پارتی سەیری هەڵوێستی ئەمەریک او لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکات."

ڕۆژی 6ی مانگی 4ی 2024، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەردانی بەغدایانکرد و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوە بۆ گفتووگۆکردن لەسەر لەمپەرەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:18 0:00

XS
SM
MD
LG