Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

سەرچاوەکان دەڵێن ئەردۆغان سەردانەکەی بۆ کۆشکی سپی دوادەخات


سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخەکە و بەرپرسێکی تورکیاش ڕۆژی هەینی 26ی مانگی چوار ڕایانگەیاند سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ئەمەریکا بۆ دیدار لەگەڵ جۆو بایدن کە بۆ 9ی مانگی پێنج پلانی بۆ دانرابوو، دواخراوە.

ئەو بەرپرسەی تورکیا کە نەویویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "بەمزوانە وادەیەکی نوێ دیاریدەکرێت." هەروەها سەرچاوە ئاگادارەکەی ئەو بابەتەش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوەکرد کە ڕوون نییە چی بووەتە هۆی دواخستنی ئەو دیدارە.

بەرپرسێکی ئەمەریکایی ئاماژەی بەوەداوە کۆبوونەوەی ئەو دوو هاوپەیمانەی ناتۆ هەرگیز بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە.

نوێنەرانی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هیچ لێدوانێکی دەستبەجێیان لەو بارەیەوە نەبووە. هەروەها نووسینگەی ئەردۆغان هیچ لێدوانێکی دەستبەجێی سەبارەت بە دواخستنی سەردانەکە ڕانەگەیاندووە کە پێشتر لەلایەن بلومبێرگەوە هەواڵەکەی بڵاوکرابووە.

بە پێی هەواڵەکان بڕیار بوو ئەردۆغان مانگی پێنج سەردانی واشنتن بکات و ئەم ئەم دیدارەش دەبووە یەکەم سەردانی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ واشنتن لە ساڵی 2019ەوە کە تێیدا ئەردۆغان دوایین جار لەگەڵ دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەوکاتەی کۆمارییەکان کۆبووەوە.

ئەردۆغان و بایدن لە دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی دیموکراتەکانی ئەمەریکا لە مانگی یەکی ساڵی 2021 چەند جارێک لە لوتکە نێودەوڵەتییەکان کۆبوونەتەوە و بە تەلەفۆن قسەیان کردووە .

پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا لە مێژە بەهۆی جیاوازی لە کۆمەڵێک پرسدا ئاڵۆز بووە. لە کاتێکدا کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە کە ئەنکەرە داوای ئەندامێتی سویدی لە ناتۆ پەسەند کرد، تا ئاستێک پەیوەندییەکان بەرەو باشتر بوون ڕۆیشتن، بەڵام گرژییەکان سەبارەت بە پرسەکانی سوریا و ڕووسیا و شەڕی غەززە هێشتا بەردەوامن.

ئەردۆغان لەم هەفتەیەدا سەردانی عێراقی دراوسێی کرد و کۆتایی هەفتەی ڕابردووش لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە ئەستەنبوڵ کۆبووەوە، ئەمەش یەکەم دیداری ئەردۆغان و شاندێکی بزووتنەوەی حەماس بوو بە سەرۆکایەتی هەنییە لەو کاتەوەی ئیسرائیل هێرشە سەربازییەکەی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG