Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

ڕوانگەی سوری: داعش لە هێرشێکدا بۆ سەر پاسێک 26 سەربازی سوریا دەکوژێت


ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری جەنگەکەی سوریا دەکات دەڵێت لە هێرشێکدا بۆ سەر پاسێکی سەربازیی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا 26 سەربازیی حکومەت کوژران و زیاتر لە 11 سەربازی دیکە بریندار بوون، هەروەها بەرپرسیارێتی هێرشەکەی خستە سەر ئەستۆی ڕێکخراوی داعش.

هێرشەکە لە نزیک شارۆچکەی مەیادینەوە لە پارێزگای دەیر ئەلزور کرا، هێزەکانی حکومەتی سوریا کە لەلایەن ئێران و ڕووسیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت بەشێکی ناوچەکەیان لە ژێر دەستدایە و بەشەکەی دیکەی لە ژێر دەستی هێزە کوردییەکاندایە کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت.

ڕوانگەی سوری وتی هێرشەکە لەم ساڵدا کوشندەترین هێرشی داعش بووە.

دەزگای هەواڵی سوریا دەستبەجێ هیچ هەواڵێکی لەسەر ڕووداوەکە بڵاونەکردەوە و تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە.

بەڕێوبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕامی عەبدولڕەحمان دەڵێت لەم چەند مانگەی ڕابردوودا هێرشەکان لەلایەن شانە نووستووەکانی داعشەوە، بە تایبەتی لە ناوچە بەرفراوانە بیابانییەکان کە پێشتر کۆنتڕۆڵییان کردبوون، توندتر و خوێناویتر بوون.

داعش لەم مانگەدا ئەبو حافز ئەلهاشیمی وەکو سەرکردەی نوێی خۆی ڕاگەیاند، بۆ یەکەمین جاریش کوژرانی سەرکردەکەی پێشووی ئەبو حوسەین ئەلقوڕەیشی پشتڕاست کردەوە کە تورکیا وتی لە مانگی چواردا کوشتوویەتی، بەڵام داعش دەڵێت لە شەڕێکدا لەگەڵ چەکدارانی بەرەی نوسرە لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا کوژراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG