Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

تورکیا میوانداری سەرکردەی حەماس دەکات لە کاتێکدا ڕەخنەکان لەسەر بێ هەڵوێستی لە غەززە پەرەی سەندووە


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییە
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییە

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە ئیستەنبوڵ پێشوازی لە سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییە و شاندی یاوەری کرد، ئەمەش لە نێوەندی زیادبوونی ڕەخنەکانی سەر حکومەتی تورکیادا لەسەر هەڵوێستی بەرامبەر جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا.

هیچ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی دوای کۆبوونەوەکە نەبەسترا. ئۆفیسی ئەردۆغان بەیاننامەیەکی لەسەر ئەو بابەتانە بڵاوکردەوە کە لەگەڵ هەنییەدا تاوتوێی کردوون. هەنییە لە قەتەڕ دەژی.
بەپێی بەیاننامەکە، ئەردۆغان و هەنییە باسییان لە " هێرشەکانی ئیسڕائیل کردووە بۆ سەر خاکی فەلەستینییەکان، بە تایبەتی غەززە، هەروەها چی پێویستە بکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی گونجاو و بەبێ هیچ بەربەستێک، هەروەها پڕۆسەیەکی ئاشتی دادپەروەرانە و هەمیشەیی لە ناوچەکەدا."

ئەردۆغان جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە فەلەستینییەکان دەبێت بە یەکگرتوویی بمێننەوە، وتی ئەوە " بەهێزترین وەڵام دەبێت بۆ ئیسڕائیل و ڕێگەیەک دەبێت بۆ سەرکەوتن لە ڕێی یەکگرتوویی و پەیوەستییەوە."

لە بەیاننامەیەکی دیکەدا، پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغان ئەوەی ئاشکرا کرد کە شاندێکی حەماس، کە ئەندامە سەرەکییەکانی حەماسی تێدا بووە، ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

سەردانەکەی هەنییە لە کاتێکدایە کە هەڵوێستی ئەردۆغان لەسەر جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس و پشتیوانییەکانی بۆ گەلی فەلەستینی لەلایەن پارتی خۆشگوزەرانی نوێی ئیسلامییەوە گومانی لێکراوە، پارتەکە پلەی سێیەمی لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی مانگی ڕابردووی تورکیادا بە دەستهێنا.

لە 9 ی مانگی چواردا وەزارەتی بازرگانی تورکیا کۆتوبەندی خستە سەر هەناردەکردنی چەندین بەرهەم بۆ ئیسڕائیل، ئەوەش لە وەڵامی زیادبوونی داواکاندا لە ناوخۆی تورکیادا بۆ بایکۆتکردنی ئیسڕائیل.

هەندێک لە شڕۆڤەکاران دەڵێن کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان لەگەڵ هەنییەدا مەبەست لێی چەسپاندنی بناغەکەیەتی.

ئەرهان کێلیسۆگلۆی شارەزای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیستەنبوڵ بە دەنگی ئەمەریکای وت " پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا و ئەردۆغان لەمدواییانەدا زۆر هیلاک بوون بە پرسی فەلەستینییەکانەوە، دوای ئەوەی ئاشکرا بوو کە بازرگانی هەیە لەگەڵ ئیسڕائیلدا."

کێلیسۆگلۆ وتی " کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی حەماسدا دەرفەتێک دەدات بە سەرۆک ئەردۆغان بۆ نوێکردنەوەی وێنەکەی لەبەردەم خەڵکدا. دەریدەخات کە ئەو لە پاڵ پرسی فەلەستینییەکان و حەماسدایە."

لە 17 ی مانگی چواردا وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان چوو بۆ دەوحەی پایتەختی قەتەڕ و لەوێ لەگەڵ هەنییەدا کۆبووەوە.

دواتر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا قەتەڕییەکەی، شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەلثانیدا، وتی حەماس ڕازیبووە بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی بە سنوورەکانی ساڵی 1967 ەوە.

فیدان وتی " پێیان وتم کە دوابەدوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی، حەماس چیتر پێویستی بە باڵێکی چەکداریی نابێت و وەکو پارتێکی سیاسیی بەردەوام دەبێت."

هەندێک لە شڕۆڤەکاران پێیان وایە پەیوەندییەکانی ئەمدواییانەی تورکیا لەگەڵ حەماسدا ڕەنگە نیشانە بن لەسەر نیازی ئەنکەرە بۆ گێڕانی ڕۆڵی نێوەندگر.

ئێڤرین باڵتای توێژەر لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن دەڵێت " تورکیا بە نیازە دووبارە جەخت لە کاریگەرییەکانی بکاتەوە لە ناوچەکەدا لە ڕێی گێڕانی ڕۆڵێکی نێوەندگرییەوە، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە تواناکانی قەتەڕ لە نێوەندگریدا گەیشتووەتە دوایین سنوورەکانی، تورکیاش لەمدواییانەدا وەکو یەکێک لە وڵاتانی نێوەندگر لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێراندا دەرکەوت."

باڵتا وتیشی " بەڵام پێناچێت ئیسڕائیل و ئەمەریکاش ڕازی ببن بەو ڕۆڵە کە تورکیا هیواخوازە بیگێڕێت، هەروەها پێناچێت هەڵوەشاندنەوەی باڵی سەربازیی حەماس وەکو هەنگاوێکی گرنگ ببینن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حەماسدا."

کاردانەوەی ئیسڕائیل:

دوابەدوای کۆبوونەوەکە لە 20 ی مانگی چواردا، وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ئیسڕائیل کاتز لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وێنەیەکی ئەردۆغان و هەنییەی بڵاوکردەوە کە تەوقە لەگەڵ یەکتردا دەکەن.

کاتز لەسەر وێنەکە نوسیویەتی " شەرمەزاری بۆ تۆ ئەردۆغان." هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد برایەتی موسوڵمانان " لاقەکاری و کوشتن و تێکدانی لاشەکانی " ئەنجام داوە.

حەماس هەمان فیکری برایەتی موسوڵمانانی هەیە، لە ڕابردوودا پارتەکەی ئەردۆغان پشتگیری لە برایەتی موسوڵمانان کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئونچو کیچیلی وەڵامی بەیاننامەکەی کاتزی دایەوە و وتی " ئەوە بەرپرسانی ئیسڕائیلن دەبێت شەرمەزار بن. نزیکەی 35,000 فەلەستینییان کوشتووە، زۆربەیان ژن و منداڵ بوون."

وتی " ئەرکی پێشینەی تورکیا ئەوەیە کۆتایی بهێنێت بە کۆمەڵکوژییەکەی ناو غەززە، هەروەها دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی تاوەکو دڵنیا ببینەوە لە ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەماندا."

بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 34,000 کەس کوژراون.

لە 17 ی مانگی چواردا، لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشەپێداندا ئەردۆغان ڕەخنەگرانی لە چۆنێتی مامەڵەکردنی جەنگەکەی غەززە بە تۆمەتی بوختانکردن بۆ ئەو و پارتەکەی و حکومەتەکەی و کۆماری تورکیا تۆمەتبار کرد.

ئەردۆغان وتی " ڕەنگە هەندێک لە هەنگاوەکانمان دیار نەبن. ڕەنگە نەتوانین هەندێک لەو کارانەی کە دەیکەین ڕوونییان بکەینەوە. بەڵام ئەوانەی کە گومان لە هەستییاریمان دەکەن لەسەر فەلەستین زوو یان درەنگ شەرمەزار دەبن."

وتی " زۆر بە ڕوون و ئاشکرا دەیڵێم: حەماس هاوشێوەی کوڤای میلییە لە تورکیا لە ماوەی جەنگی سەربەخۆییدا."

هەروەها حەماسی بە " گروپێک لە موجاهیدین " ناوبرد کە " شەڕ بۆ پاراستنی خاک و خەڵکەکەی دەکەن."

ئەمەریکا و بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپا حەماسییان وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە.

کوڤای میلییە لە ساڵی 1918 دا دامەزرا و ناوی هێزێکی چەکداریی تورکیاییە کە لە قۆناغی سەرەتای شەڕی تورکیادا بۆ سەربەخۆیی جەنگاوە و دواتر لەژێر سەرکردایەتی موستەفا کەمال ئەتاتورکدا ڕێکخراوەتەوە، ئەتاتورک دامەزرێنەری تورکیای نوێیە.

لێدوانەکەی ئەردۆغان مشتومڕی لە ناو تورکیادا بە دوای خۆیدا هێنا، پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا " پارتی کۆماری گەل " ئەو جۆرە لێکچوونەوەی لە نێوان هێزە نیشتیمانییەکانی تورکیا و حەماسدا ڕەت کردەوە.

ئۆگوز کان سالیچی ئەندام لە کۆمسیۆنی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا کە سەر بە پارتی کۆماری گەلە وتی " لێکچواندنی حەماس بە کوڤا میلییە مانای ئەوەیە کە پرسی فەلەستینییەکان بە حەماس دەستیپێکردووە، بەڵام هەمووان زۆر بە باشی دەزانن کە خەباتی فەلەستینییەکان خەباتێکە کە چەندین دەیەیە بەردەوامە. بە دڵنیاییشەوە بە حەماس دەستی پێنەکردووە."

پارتی کۆماری گەل داوای چارەسەری دوو دەوڵەت دەکات بۆ ئیسڕائیلییەکان و فەلەستینییەکان.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG