Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: 18,000 حاڵەتی توشبوون بە ئاوڵەی مەیمون لە سەرانسەری جیهاندا تۆمارکراوە


بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسیوس
بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسیوس

بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسیوس دەڵێت زیاتر لە 18,000 حاڵەتی توشبوون بە ئاوڵەی مەیمون لە 78 وڵاتدا تۆمارکراوە.

گیبریسیوس وتی پێنج حاڵەتی گیان لەدەستدانیش بەهۆی ئاوڵەی مەیمونەوە هەبووە و لە سەدا 10 حاڵەتەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.

وتیشی ئەگەر وڵات و کۆمەڵگە و تاکەکان مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە بەجددی وەربگرن ئەوا دەکرێت نەخۆشییەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.

لە ئێستادا لە سەدا 98 ی توشبووان بە ڤایرۆسەکە ئەو پیاوانەن کە پەیوەندیی سێکسییان لەگەڵ پیاوانی دیکەدا هەیە.

هەفتەی ڕابردوو ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاوڵەی مەیمونی وەکو حاڵەتێکی نائاسایی ڕاگەیاند، نەخۆشییەکە دەکرێت لەڕێی پەیوەندیی سێکسییەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بگوازرێتەوە، هەروەها لەڕێی هەموو کەلوپەلێکی دیکەوە کە ڤایرۆسەکەیان پێوەبێت دەگوازرێتەوە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیاری ئەوە دەکات ڤاکسین بدرێت بەو کەسانەی کە دەکرێت توشی ڤایرۆسەکە ببن، لەوانەش کارمەندانی تەندروستی و تاقیگەکان و ئەوانەشی کە لە یەک پەیوەندیی سێکسی زیاترییان هەیە. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ئێستادا لەگەڵ ئەوەدا نیە خەڵکەکە بە گشتی ڤاکسین وەربگرن.

کەنەدا و یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا ڤاکسینی سمۆڵپۆکسی دژ بە ئاوڵەی مەیمونیان پەسەند کردووە، سەرەڕای ئەوەش هێشتا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی زانیاریی تەواوی نیە لەسەر کاریگەریی ڤاکسینەکان، لەبەر ئەوە داوا لە سەرجەم ئەو وڵاتانە دەکات کە ڤاکسینەکان بەکاردەهێنن زانیاریی بدەنێ لەسەر کاریگەریی ڤاکسینەکان.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG