Svoboda | Graniru | BBC Russia | Golosameriki | Facebook

Accessibility links

هونەرمەندێکی کورد لە ئێران بەهۆی بەشداری کردنی لە ڕێوڕەسمی ئاهەنگی نەورۆز دەستگیر دەکرێت


هونەرمەندێکی کورد بە ناوی محەمەد عەباسزادە، بەهۆی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی ئاهەنگی نەورۆز لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کراوە.

بە پێی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەو هونەرمەندە تەمەن 35 ساڵانە ڕۆژی چوارشەممە 27ی مانگی سێی 2024، لە پاش گەڕانەوەی لە ڕێوڕەسمێکی نەورۆز لە ناوچەی مەلەکشاهی پارێزگای ئیلام دەستگیر کراوە و براوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەنگاو چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی مەڕاسیمی نەورزۆی ئەو شارەی بڵاو کردووەتەوە کە خەڵکێکی زۆر بە بۆنەی نەورۆزەوە ئاهەنگ دەگێڕن و هەڵدەپەڕن.

پێشتریش ئەم هونەرمەندە بەهۆی وتنی سروودی " ژن ژیان ئازادی" لە دەمی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێران کە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لە مەرگی ژینا ئەمینی سەری هەڵدا، لە 19ی مانگی دەی ساڵی 2022ش لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرابوو هەتا ساڵی ڕابردوو کە بە دانانی 800 ملیۆن تمەن بە بارمتە ئازاد کرا.

دەستگیرکردنی ئەو گۆرانیبێژە لە کاتێکدایە کە گۆرانیبێژێکی تری کورد دوای پێشکەشکردنی گۆرانی و سروود لە مەڕاسیمی نەورۆز لە شاری بۆکان ، لەلایەن ئیتڵاعاتی ئیرانەوە هێرشی کراوەتەسەر و دەستگیرکراوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکان هێزەکان ڕۆژی 23ی مانگی سێ لە شاری بۆکان چوونەتە سەر ماڵی هونەرمەند حەسەن کاکایی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکراوە و پاش لێپێچینەوە کردن لەگەڵیدا و ئازاردانی، ئازاد کراوە.

هەر لە چوارچێوەی فشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئەو کەسانەی کە بەشداری ئاهەنگەکانی نەورۆزیان کردووە لە شارە کوردییەکاندا، لوتفوڵا پەروێز یەکێک لە چالاکوانە سڤیلییەکانی شاری گیەڵان کە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ئاهەنگی نەورۆزی بووە لە شارەکەدا لە لایەن ناوەندە ئاسایشییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و چەند هاووڵاتییەکی تریش کە بەشداری ئاهەنگەکەیان کردووە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

لە شاری کرماشانیش هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە یەکێک لە پارکەکانی شارەکە تەقەیان لە دوو لاوی کورد کردووە و برینداریان کردوون.

بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لەوانەش ئاژانسی هەواڵی کوردپا هێزەکان لە کرماشان لە کاتی هەڵپەڕکێ و شادی دەربڕینی کۆمەڵێک گەنج بە هۆی نەورۆزەوە لە یەکێک لە پارکەکانی ئەو شارە، تەقەیان لە گەنجەکان کردووە و لە ئەنجامدا دوو کەس بریندار بوون.

سەرچاوە: هەنگاو، کوردپا

XS
SM
MD
LG